
مالیکی: لە ڕێکخستنی نرخی دۆلاردا دەبێت هێزی کڕینی خەڵک بپارێزرێت
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی جەختی کردەوە کە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەندە بە مەرجی پاراستنی توانای بژێویی هاوڵاتیان.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی، لەبارەی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لە عێراق ڕایگەیاند کە سەرکەوتنی هەر ڕێکخستنێک لە دراوی نیشتمانیدا، بەندە بە توانای حکومەت لە پاراستنی سەرچاوەی بژێوی و هێزی کڕینی هاوڵاتیان.
مالیکی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاویكردهوه، شارەزایانی ئابووری بوونەتە دوو بەشەوە، بەشێکیان پشتگیری لە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار دەکەن و بەشێکی دیکەشیان دژین، بەڵام نیگەرانی سەرەکی هەردوو لایەنەکە بژێوی ڕۆژانە و هێزی کڕینی خەڵکە.
مالیکی ئاماژەی بەوەدا کە دەستکاری کردنی بەهای دراوی نیشتمانی ڕێگەیەکە لەو وڵاتانەدا بەکاردێت کە تووشی قەیرانی دارایی بوونەتەوە، و جەختی کردەوە کە سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە بەندە بە توانای حکومەت بۆ نەهێشتنی کاریگەرییە خراپەکان و پاراستنی داهاتی خەڵک و کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکان لەسەر بازاڕ. ئاماژەی بەوەشکرد کە حکومەت ڕێکار و میکانیزمی ڕوون ئامادە دەکات بۆ پاراستنی داهات و هێزی کڕینی هاوڵاتیان، تاوەکو ڕێگری بکرێت لەوەی باجی چارەسەرە ئابوورییەکان بكەوێتە سەر شانی خەڵک.
مالیکی هۆشیاری دا لەوەی کە ئەم بابەتە نەبێتە هۆی دروستکردنی ترسی و شڵەژان و ناستقامگیری ئابووری لە بازاڕدا، و داوای لە حکومەت کرد بە زووترین کات ڕێکارەکان ڕابگەیەنێت بۆ پاراستنی ڕاستەوخۆی داهاتی تاکەکان و ئاستی بژێوی ژیانیان، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و دەستەبەرکردنی ئارامی دارایی.
سەرچاوە: Kurdistan24