
لە ماڵتەپە دوو نهۆمی سەرەوەی بینایەکی ٧ نهۆمی بە نایاسایی دروستکراون
دەرکەوت کە دوو نهۆمی سەرەوەی بینا ٧ نهۆمییەکە کە لە ماڵتەپە بەشێکی ڕووخابوو، بە نایاسایی دروستکراون.
بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی جەویزلی لە ناوچەی ماڵتەپەی ئەستەنبوڵ، بەشێک لە سێ نهۆمی یەکەمی بینایەکی ٧ نهۆمی ڕووخا و وێرانی لەدوای خۆی هێنا. بەپێی تۆمارەکانی ئەرشیفی شارەوانی، بیناکە لە ساڵانی ۱۹۸۰دا دروستکراوە و دوای وەرگرتنی مۆڵەتی نیشتەجێبوون، دوو نهۆمی سەرەوەی بە نایاسایی بۆ زیاد کراوە.
دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، ئافاد (AFAD)، ئومکە (UMKE)، پۆلیس و تەندروستی ڕەوانەی ناوچەکە کران. ئاگرکوژێنەوە بە ٥٦ ئۆتۆمبێل و ۱۷٥ کارمەند، و ئافاد بە ٥ ئۆتۆمبێل و ۲٥ کارمەند بە هاوکاری سەگی ڕاهێنراوی گەڕان بەشدار بون. دوای ڕووداوەکە، ٤ کەس (۲ منداڵ و ۲ گەورە) لەژێر داروپەردودا بە زیندوویی دەرهێنران و دوای فریاگوزاری سەرەتایی ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.
سەرۆکی شارەوانی ماڵتەپە، ئێسین کۆیمەن ڕایگەیاند کە بەپێی بەڵگەنامەکانی ئەرشیف، دوو نهۆمی سەرەوەی بیناکە نایاسایین و پێشتر هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەم بابەتە پێنەگەیشتووە. هەروەها دەرکەوتووە کە کارگەی ڕستن و چنینی نهۆمی زەمینی بیناکە لە کاتی ڕووداوەکەدا چۆڵ بووە. ڕێگاکانی دەوروبەری بیناکە بۆ پاراستنی سەلامەتی بەڕووی هاتووچۆدا داخراون و ئامێری قورس لە شارەوانییەکانی دەوروبەرەوە ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون. هەوڵەکانی گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە ئەگەری هەیە لەژێر داروپەردودا مابنەوە بەردەوامە.
سەرچاوە: Rûdaw