
سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئەنقەرە مەنسوور یاواش لە جەهەپە دەستی لەکار کێشایەوە
مەنسوور یاواش لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند کە لە ئەندامێتیی جەهەپە کشاوەتەوە و وەک سەربەخۆ درێژە بە ژیانی سیاسیی خۆی دەدات.
سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئەنقەرە مەنسوور یاواش، لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی ڕایگەیاند کە لە پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) دەستی لەکار کێشاوەتەوە و چالاکییە سیاسییەکانی بە سەربەخۆیی بەردەوام دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بڕیارەی دوای هەڵسەنگاندنێکی دوورودرێژ داوە.
یاواش ئاماژەی بەوە دا کە پێشهاتەکانی دوای ١٩ی ئازار، گفتوگۆکانی پێوەندیدار بە ناڕەوایی یاسایی و پرۆسە یاساییە جیاوازەکان، سیستەمی سیاسیی تورکیایان گەیاندووەتە قۆناغێکی سەخت. ناوبراو بیرهێنایەوە کە پێشتریش ڕایگەیاندبوو ئەم پرۆسانە دەکرێت ببنە هۆی لێک ترازانى قووڵ لە ناو پارتیشدا.
جەختی لەوەش کردەوە کە لە ئەرکەکەی وەک سەرۆکی شارەوانی بەردەوام دەبێت و سوورە لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتیانی ئەنقەرە. هەروەها وتی: "وەفاداری بۆ ئیرادەی دەنگدەران، شەرەفی سیاستە"، و ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرپرسیارێتیی ئەم بڕیارە لەسەر شانی خۆیەتی و بڕیاری کۆتاییش بۆ گەلە.
سەرچاوە: Kurdistan24