
برێت مەکگورک ڕایگەیاند کە لەمێژە چاوەڕێی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە
بەرپرسەکەی پێشووی کۆشکی سپی پێشوازی لە ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد.
برێت مەکگورک، ڕێکخەری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X ڕاگەیاندنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە "هەواڵێکی زۆر باش" و "هەنگاوێک کە لەمێژە چاوەڕێ دەکرێت" وەسف کرد. مەکگورک پیرۆزبایی لە هەموو ئەو لایەنانە کرد کە بەشدارییان لەم پرۆسەیەدا کردووە و گوتی: "جیهان قەرزاری پێشمەرگەیە و ئێمە هەمیشە پێزانینمان بۆ ئەم هێزە هەیە."
ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و نوێنەرانی سەربازیی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان، یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیان ڕاگەیاند. یەکخستنەوەکە لە چوارچێوەی نەخشەڕێگەیەکی ئەکادیمی و پرۆسەی چاکسازی ئەنجام درا؛ پێکهاتە نوێیەکە ١١ فرقەی سەربازی، ٢ هێزی پشتیوانی، یەکەیەک لە کۆماندۆ و ٢ ناوچەی سەربازی دەگرێتە خۆ.
هێزەکانی پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠١٤دا لە جەنگی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە تێکشکاندنی ئەو ڕێکخراوەدا بڕی. مەکگورک کە لەو سەردەمەدا وەک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی جیهانیی دژی داعش کاری دەکرد، لە نزیکەوە بینەری قوربانیدان و ئازایەتیی پێشمەرگە بوو و بە بەردەوامی ستایشی بەشداریی کوردانی کردووە لە جەنگی دژی تیرۆردا.
سەرچاوە: Kurdistan24