
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا پەڕتووکی دەرسیی کوردی (کورمانجی)ی پۆلی ٥ی لەسەر EBA دەستەبەر کرد
وەزارەتی پەروەردەی نیشتمانیی تورکیا پەڕتووکی دەرسیی هەڵبژێردراوی کوردیی پۆلی ٥ی خستە سەر تۆڕی زانیاریی پەروەردەیی (EBA).
وەزارەتی پەروەردەی نیشتمانیی تورکیا لە چوارچێوەی "مۆدێلی پەروەردەی سەدەی تورکیا"دا، پەڕتووکی دەرسیی هەڵبژێردراوی کوردی (کورمانجی)ی پۆلی ٥ی لە ڕێگەی تۆڕی زانیاریی پەروەردەیی (EBA) بۆ بەکارهێنان دەستەبەر کرد. پەڕتووکەکە بە ناوی "Pirtûka Pola 5an ya Kurdî-Kurmancî" لە ماڵپەڕی eba.gov.tr بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن دەستەیەک لە نووسەر و سەرنووسەرانی شارەزاوە بەپێی مۆدێلە نوێیەکەی پەروەردە ئامادەکراوە.
لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، سەرەڕای پەڕتووکی دەرس، بۆ هر پۆلێک پەڕتووکی ڕاهێنان و ڕێنمایی مامۆستایانیش ئامادەکراون. بەشێکی گەورەی دەق، چالاکی و ڕاهێنانەکانی ناو پەڕتووکەکە بۆ پشتیوانیکردن لە فێربوونی کارلێککارانە تۆمارکراون؛ قوتابییان دەتوانن بە خوێندنەوەی کۆدە QRییەکانی سەر پەڕەکان، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی EBAوە دەستیان بە ناوەڕۆکە دەنگییەکان بگات.
لە پەڕتووکەکەدا چوار گۆرانیی کوردی لەگەڵ نووتەکانیاندا جێگیرکراون و ئەم گۆرانییانەش لە ڕێگەی سیستەمی کۆدی QRەوە دەبیسترێن. ئەم بڵاوکراوەیە وەک یەکەم هەنگاوی زنجیرەکە پێناسە دەکرێت، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا ڕایگەیاند کە پەڕتووکی دەرسیی کوردی بۆ پۆلەکانی ٦، ٧ و ٨یش بڵاودەکاتەوە و بەم شێوەیە کەلوپەلی خوێندنی کوردی لە ئاستی ناوەندیدا بە تەواوی ڕێکدەخرێن.
سەرچاوە: Kurdistan24