سیاسەت

رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کرا
رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە کە لەنێوان تورکیا، عەرەبستانی سعوودی و پاکستان واژۆ کراوە، بۆ پەسەندکردن رەوانەی پەرلەمانی تورکیا کرا.
رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە کە لە مانگی ئابدا لە مەککە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعوودی و شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستانەوە واژۆ کرا، پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کرا. دەقی تەواوی رێککەوتنەکە هێشتا بۆ رای گشتی بڵاونەکراوەتەوە.
بەپێی ماددەی ٩٠ی دەستوور، بۆ ئەوەی ئەم جۆرە رێککەوتنە نێودەوڵەتییانە بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە پەرلەمان بە یاسا پەسەندی بکات. گرنگترین خاڵی رێککەوتنەکە، پابەندبوونی بەرگریی هاوبەشە کە تێیدا هاتووە "هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لە وڵاتانی ئەندام، بە هێرش بۆ سەر هەموویان هەژمار دەکرێت".
- بەرپرسانی تورکیا جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم پەیماننامەیە جێگرەوەی ئەندامێتی ناتۆ نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی تەواوکەرە کە ئامانجی دابەشکردنی باری ئەمنیی ناوچەکەیە. لەنێوان هەرسێ وڵاتدا ئامانج ئەوەیە کە یەکگرتووییەکی بەرفراوانی پیشەسازیی بەرگری دروست بکرێت کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تەقەمەنی، بەرهەمهێنانی هاوبەش، گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و مانۆڕی سەربازی دەگرێتەوە.
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند کە ئەم رێککەوتنە هاوپەیمانییەکی بەرگرییە نەک هێرشبەری و وتی: "تورکیا سەرباز بۆ خاکی وڵاتێکی دیکە نانێرێت تا لەوێ هێرش ئەنجام بدات".
سەرچاوە: Kurdistan24