
کۆنسێرتەکانی مەم ئارارات لە مانگی تشرینی دووەم لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە
مەم ئارارات لە رۆژانی ٨ و ١١ی تشرینی دووەم لە ناوەندەکانی بۆستانچی لە ئەستەنبوڵ و نازم حیکمەت لە ئەنقەرە کۆنسێرت ساز دەکات.
هونەرمەند مەم ئارارات لە مانگی تشرینی دووەمدا بە دوو کۆنسێرت لەگەڵ هەوادارانی کۆدەبێتەوە. یەکەم کۆنسێرت لە ٨ی تشرینی دووەم کاتژمێر ٢١:٠٠ لە ناوەندی نمایشی بۆستانچی لە ئەستەنبوڵ، و کۆنسێرتی دووەمیش لە ١١ی تشرینی دووەم کاتژمێر ٢٠:٣٠ لە ناوەندی کۆنگرە و هونەری نازم حیکمەت لە ئەنقەرە بە رێکخستنی کۆمپانیای "سی پرۆدەکشن" بەڕێوە دەچێت.
بۆ هەردوو چالاکییەکە پێشکەشکردنی بلیت پێویستە. منداڵانی خوار تەمەن ٧ ساڵ رێگەیان پێنادرێت بچنە هۆڵەکەوە، منداڵانی خوار تەمەن ١٤ ساڵیش تەنیا بە یاوەری دایک و باوکیان دەتوانن بەشداری بکەن.
مەم ئارارات لە ساڵی ١٩٨١ لە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی دێریکی مێردین لەدایک بووە و لە ساڵی ٢٠١٣ بە ئەلبوومی "قولینگ، هەور و باران" دەستی بە کاری هونەریی پیشەیی کردووە. بە ئەلبوومەکانی وەک "کوردیکا"، "خەونا باژارەکی"، "نیشتمان"، "پەسنا ئەڤینێ" و "کەسکەسۆر"، مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیی لەگەڵ دەستکاریی مۆدێرن تێکەڵ کردووە و توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر لە گوێگران بۆ خۆی رابکێشێت.
سەرچاوە: Rûdaw