
خەڵاتی ڕێزلێنانی ژیان بۆ مەندەرەس سامانجیلار لە ٦٣یەمین فیستیڤاڵی ئاڵتوون پۆرتەقاڵی ئەنتالیا
ئەکتەری کورد، مەندەرەس سامانجیلار کە خەڵکی دیاربەکرە، لە ٦٣یەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئاڵتوون پۆرتەقاڵی ئەنتالیا، خەڵاتی ڕێزلێنانی ژیانی پێ بەخشرا.
٦٣یەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئاڵتوون پۆرتەقاڵی ئەنتالیا، لە ٢٤ی تشرینی یەکەم بە ڕێپێوانێکی نەریتی دەستی پێکرد و لە چوارچێوەی فیستیڤاڵەکەدا، ئەکتەری کورد مەندەرەس سامانجیلار شایەنی وەرگرتنی "خەڵاتی ڕێزلێنانی ژیان" بوو. ناوبراو لە وتاری وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا جەختی لەسەر ئازادیی ڕاگەیاندن کردەوە و وتی: "تا ڕاگەیاندنی ئازاد نەبێت، وڵاتی ئازادیش نابێت".
سامانجیلار بە دەربڕینی ئەوەی "ڕاگەیاندن دەنگی ئێمەیە، قەڵای ئێمەیە. بژی ڕاگەیاندنی ئازاد"، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم خەڵاتە بۆ ئازادبوونی وڵات و بۆ کرێکارانی بواری ڕاگەیاندن بەرز دەکاتەوە. هەروەها بە گوتنی "بژی هونەر، بژی سینەما" باسی لە گرنگیی هونەر کرد.
سامانجیلار کە لە ١ی ئایاری ١٩٥٤ لە ئەدەنە لەدایک بووە، لە ساڵانی ١٩٧٠کانەوە لە زۆرێک لە فیلم و زنجیرە دراماکاندا ڕۆڵی گێڕاوە. ئەو هونەرمەندە لە ساڵی ١٩٧٥ بە فیلمی "ئینجە مەمەد ڤوروڵدو" (مەمەدی لاواز کوژرا) چووە ناو دنیای سینەما و لە بەرهەمەکانی وەک "کارا چارشافڵی گەلین" (بووکی لەچک ڕەش)، "بەرەکەتی تۆپراکلار ئۆزەریندە" (لەسەر خاکە بەپیتەکان) و "سیس" (تەم) بەشداری کردووە؛ لە زنجیرە دراما تەلەفزیۆنییەکانیشدا لە بەرنامە بەناوبانگەکانی وەک "ئاسماڵی کۆناک"، "هایات دەڤام ئێدیۆر" و "چوکوور" ڕۆڵی بینیوە.
سامانجیلار جگە لە نواندن، لە بوارەکانی نووسینی سیناریۆ، شیعر، چیرۆک و تێکستی گۆرانیشدا چالاکە و لە ساڵی ٢٠٠٣ کتێبی شیعری "سۆنباھارین ساریسینی ڤوردوڵار گەجە" و لە ساڵی ٢٠١٦ کتێبی "یانمش ئۆرمان کۆکوسو"ی بڵاوکردووەتەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24