
لە ڕووداوێکی وەرگەڕانی بەلەمدا لە ڕووباری مەریچ سێ منداڵی کورد گیانیان لەدەستدا
بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێکی خێزانێکی کورد کە هەوڵیان دەدا لە ڕووباری مەریچ لەسەر سنووری تورکیا و یۆنان بپەڕێنەوە، سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا.
لە ڕووباری مەریچ (لە لایەنی یۆنانی ئیڤرۆس) لەسەر سنووری نێوان تورکیا و یۆنان، بەلەمێکی بچووک کە خێزانێکی کوردی تێدابوو تەنیا کەمێک دوای کەوتنە سەر ئاو وەرگەڕا. سێ منداڵ بە ناوەکانی هەستیار (١٢ ساڵ)، هەریاد (٩ ساڵ) و مەلا (٥ ساڵ) لەم ڕووداوەدا گیانیان لەدەستدا. ڕاگەیەندراوە کە تەرمی یەکێک لە منداڵەکان دۆزراوەتەوە و دوو منداڵەکەی دیکەش ئاو بردوونی و هەوڵەکانی گەڕان بەردەوامن.
خێزانەکە کە پێکهاتبوون لە باوکیان هاوڕێ محەمەد (٤١ ساڵ)، دایکیان هۆزان ڕۆستەم (٣٧ ساڵ) و سێ منداڵەکەیان، بە هیوای گەیشتن بە ئەڵمانیا لە سلێمانییەوە کەوتبوونە ڕێ. ڤیدیۆیەک کە لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە ناو فڕۆکەیەکی هێڵی ئەی جێت لە ڕێگەی ئاستەنبووڵ تۆمارکراوە، ساتە خۆشەکانی منداڵەکان دەردەخات. ئەوان بڕی ٥٥ هەزار دۆلاریان وەک دەستپێشخۆری لای قاچاخچییەک دانابوو تا دوای گەیشتنیان بۆ ئەڵمانیا پێی بدەن.
لە یەکەم هەوڵدا کاتێک بەلەمەکە کەوتە سەر ئاو، خێزانەکە توانینیان منداڵەکانیان ڕزگار بکەن، بەڵام دەرکەوت بوو کە بەهۆی بارانبارین و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە، پەڕینەوە زۆر مەترسیدارە. ڕێبەڕێک بە ناوی "سەرباز" کە سەر بە قاچاخچییەکی دانیشتووی ئهدرنە بوو، گوشاری خستە سەر خێزانەکە و گوتی: "ئەگەر بەردەوام نەبن و نەپەڕێنەوە، پۆلیسی تورکیا دەستگیرمان دەکات." خێزانەکە بۆ جارێک تر کرانە ناو بەلەمەکە؛ ئەمجارەیان بەلەمەکە کێشای بە قەدی دارێکدا و وەرگەڕا. بەپێی ڕوونکردنەوەی باوکەکە، ئەو توانسیتی هاوسەرەکەی ڕزگار بکات، بەڵام هەر سێ منداڵەکەی لەدەستدا.
سەرچاوە: Rûdaw