
هۆشداریی سەرۆک کۆماری ئێران پەزیشکیان سەبارەت بە پاشەکەوتکردنی وزە و هاوردەکردنی بەنزین
پەزیشکیان جەختی لەوە کردەوە کە لە دۆخی جەنگدا پێویستە خووی بەکارهێنانی وزە بگۆڕدرێت و ڕێگری لە هاوردەکردنی بەنزین بکرێت.
مەسعود پەزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران، بەشداریی لە "وۆرکشۆپی وزەی پێشەنگانی پێشکەوتن" کرد کە لە زانکۆی تاران لەلایەن ڕێکخراوی بەسیجی خوێندکارانەوە ڕێکخرابوو. لە وۆرکشۆپەکەدا، ئاماژەی بەو کێشانە کرد کە وڵات لە سەردەمی جەنگدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە و ڕایگەیاند کە کەرتی وزە یەکێکە لە گرنگترین ئەو بوارانەی پێویستە بەڕێوەببرێت.
پەزیشکیان جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کلتووری بەکارهێنانی سەرچاوەکانی وزە بگۆڕدرێت. سەرۆک کۆمار بە ئاماژەدان بەوەی کە هۆڵی وۆرکشۆپەکە زیاتر لە پێویست گەرم کراوە و گڵۆپەکان داگیرسێنراون، وتی دەکرێت سوود لە ڕووناکی سروشتی وەربگیرێت و بە لەبەرکردنی جلی ئەستوورتر لەلایەن بەشداربووانەوە، پێویستی بە گەرمکردنەوە کەم بکرێتەوە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشە لە فرۆشتنی نەوت و هێنانی داهاتی دراوی بیانی بۆ ناو وڵات هەیە و لە دابینکردنی بەنزینیشدا گرفت هەیە. ناوبراو وتی بەهۆی ئەو ڕێوشوێنانەوە هاوردەکردنی بەنزین نەکراوە، ئەگەرنا ناچار دەبوون ١٢ ملیار دۆلار خەرج بکەن، بۆیە جەختی لە گرنگیی بەردەوامیدان بە ڕێوشوێنە هەنووکەییەکان کردەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24