
میسر بە ناردنی نامەیەک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێککەوتنی تورکیا و لیبیا لە دەریای ناوەڕاست شەرمەزار دەکات
میسر ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان تورکیا و لیبیا لەبارەی ناوچە دەریاییەکان و هاوکاری وزە واژۆ کراوە، بە بێ بنەما و نایاسایی لە قەڵەم دا.
میسر لە ڕێگەی یاداشتێکی دیپلۆماسییەوە کە لە ٥ی تشرینی دووەم ئاراستەی سکرتاریەتی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان تورکیا و لیبیا بۆ دیاریکردنی سنووری ناوچە دەریاییەکان و لێکتێگەیشتنی هاوکاری وزە واژۆ کراوە، بە فەرمی ناناسێت و بە تەواوی بێ بنەمایە.
حکومەتی قاهیرە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم یاداشتە درێژکراوەی ئەو بەیاننامانەیە کە لە ساڵانی ٢٠١٩، ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ بڵاو کراونەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو پەسەندکردنەی مانگی ڕابردوو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕۆژهەڵاتی لیبیاوە ئەنجام دراوە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەو ڕاستییە نییە کە ڕێککەوتنەکە نایاساییە.
میسر ڕایگەیاند کە ئەو دیاریکردنی سنوورە دەریاییانە پێشێلکارییە بەرامبەر بە مافەکانی لە دەریای کراوە و مافی سەروەرییەکەی لە ناوچەی ئابووریی تایبەت و کیشوەری دەریایی لە دەریای ناوەڕاستدا پشتگوێ دەخات، هەروەها هۆشداری دا کە بۆ پاراستنی ئەو مافانە هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرێتە بەر.
سەرچاوە: Kurdistan24