
سێ مەرجەکەی ئێران لە ڕێگەی قەتەرەوە گەیەنرایە ترەمپ و چاوەڕێی وەڵامن
ئێران مەرجەکانی بۆ ڕاگرتنی شەڕ، ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی و هەڵگرتنی گۆشەگیریی دەریایی لە ڕێگەی قەتەرەوە گەیاندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
مەحسن ڕەزایی، سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە لە ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند کە دانوستاندن لەگەڵ ناوەندگیرەکانی قەتەر و پاکستان بەردەوامە و تاران مەرجە سەرەکییەکانی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕێگەی ئەم ناوەندگیرانەوە گەیاندۆتە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە چاوەڕێی وەڵامی واشنتۆن دەکەن بۆ ئەم مەرجانە.
ڕەزایی ڕایگەیاند کە مەرجەکانی ئێران لە سێ خاڵی سەرەکی پێکهاتوون: ڕاگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا، ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی لە دەرەوەی وڵات، و هەڵگرتنی تەواوەتیی گۆشەگیریی دەریایی لەسەر گواستنەوەی دەریایی و بەندەرەکان.
سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی، ڕەزایی ئاماژەی بەوە کرد کە هەنگاوە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل مافی ئەوە دەدەنە تاران کە لە پەیماننامەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) بکشێتەوە، بەڵام ئێران هێشتا بڕیارێکی فەرمیی نەداوە و ئەم بڕیارە بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی داهاتووی واشنتۆنەوە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئێران هێشتا پابەندە بە فەتواکەی ڕێبەری کۆچکردووی شۆڕش کە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی قەدەغە دەکات، و دۆکتڕینی ئەتۆمیی خۆی نەگۆڕیوە و گۆڕانکارییەکانی داهاتووش نادیارن.
سەرچاوە: Kurdistan24