
ئەمینداری ئاسایشی نیشتمانیی ئێران وەڵامەکەی ئەمریکای بە ناتەواو زانی
موحسین ڕەزایی ڕایگەیاند، ئەو وەڵامەی واشنتۆن بۆ حەوت مەرجەکەی تاران ناردوویەتی، جێگەی ڕەزامەندی نییە.
موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، وەڵامەکەی ئەمریکای بۆ حەوت مەرجەکەی تاران بە ناتەواو وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە وەڵامێکی ڕوون و تەواو بدرێتەوە. ڕەزایی ڕایگەیاند، گەرووی هورمز تەنها کاتێک دەکرێتەوە کە مەرجەکانی ئێران جێبەجێ بکرێن.
ڕەزایی ڕۆژی سێشەممە ٣ی تشرینی دووەم لە ڕێگەی سەکۆی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە ڕایگەیاند، ئەمریکا وەڵامێکی جێگەی ڕەزامەندی بۆ ماف و داواکارییەکانی ئێران نەداوەتەوە. هەر لەو ڕۆژەدا ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هیچ پێشکەوتنێکی نوێ لە دانوستانەکاندا نییە و ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە ڕێگەی نێوەندگیارەکانەوە بەردەوامە.
باس لەوە دەکرێت کە نێوەندگیارە قەتەرییەکان بە دوو سەردانی جیاواز پلانی ئاشتیی نوێیان پێشکەشی تاران کردووە، بەڵام ئەو پلانە لەلایەن ئێرانەوە قبوڵ نەکراوە. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو نامەیەکی بۆ ڕەزایی ناردووە؛ هێشتا ڕوون نییە کە ئایا وەڵامی نامەکە دراوەتەوە یان نا. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی کە نامەکە بۆ ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی نێردراوە و بڕیاری وەڵامدانەوەکە لە دەستی ڕەزاییدایە.
سەرچاوە: Rûdaw