
سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (پەدەکە-باکوور) ئۆزچەلیک: هەڵکوتایە سەر ماڵەکەم و ١٠ کەس دەستبەسەر کران
لە ئامەد، ڕحا، ئێلح، ئەردەخان، ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ ئۆپەراسیۆن دژی "هەڤبەند" ئەنجامدرا و ١٠ کەس دەستبەسەر کران.
بەیانیی ئەمڕۆ لە ئامەد، ڕحا، ئێلح، ئەردەخان، ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ ئۆپەراسیۆنێک بە ئامانجگرتنی "هەڤبەند" (هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان) ئەنجامدرا. مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (پەدەکە-باکوور) ڕایگەیاند کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا ١٠ کەس دەستبەسەر کراون.
ئۆزچەلیک باسی لەوە کرد کە کاتژمێر ٠٦:٠٠ی بەیانی هەڵکوتراوەتە سەر ماڵەکەی لە ئەستەنبوڵ و لەو کاتەدا تەنها دایکی لە ماڵەوە بووە، پۆلیسەکان داوای زانیارییان لەسەر بڕیاری دەستبەسەرکردنەکە کردووە. بە زانیارییەک کە لە دایکییەوە پێی گەیشتووە، پارێزەرەکەی گەیشتووەتە ماڵەکە و پشکنین بۆ ماڵەکە کراوە، پاشان پشکنینەکە بە نووسراو تۆمار کراوە و پۆلیسەکان ماڵەکەیان بەجێهێشتووە.
هەڤبەند لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە کۆنفرانسێکدا لە ئامەد ڕاگەیەندرا؛ لەو کۆنفرانسەدا ئەنجومەنێکی ٥١ کەسی هەڵبژێردرابوو. ئۆزچەلیک ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ئۆپەراسیۆنە نیشانەی ئەوەیە دەوڵەتی تورکیا بەرگەی خەباتی ئازادیخوازیی گەلی کورد ناگرێت و داوای کرد دەستبەجێ ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون ئازاد بکرێن.
سەرچاوە: Kurdistan24