
بە «مۆزەکارتی» ساڵانەی ۳۰۰ لیرە سەردانی زیاتر لە ۳٥۰ مۆزەخانە و شوێنەواری مێژوویی بکەن
وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار، بە رامبەر بە ۳۰۰ لیرە ڕێگە دەدات ساڵانە سەردانی زیاتر لە ۳٥۰ مۆزەخانە و شوێنەواری مێژوویی لە سەرانسەری تورکیادا بكرێت.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار، خزمەتگوزاریی «مۆزەکارت»ی ڕاگەیاند کە بە بڕی ۳۰۰ لیرەی ساڵانە مافی سەردانیکردنی زیاتر لە ۳٥۰ مۆزەخانە و شوێنەواری مێژوویی لە سەرانسەری تورکیادا دەبەخشێت. کارتەکە ساڵانە ڕێگە بە دوو جار سەردانیکردنی هەر شوێنێک دەدات، هەروەها بڕیارە کارتەکانی ناسنامەی نیشتمانیش ببنە جێگرەوەی مۆزەکارت. تێچووەکەی دەکرێت لە ڕێگەی سیستەمی ئی-دەوڵەت (e-Devlet) یاخود بەرنامەی مۆبایلەوە بدەرێت.
لە پارێزگای ملاتیە، گرنگترین ئەو شوێنانەی دەکرێت بە مۆزەکارت سەردان بکرێن بریتیین لە: تەپۆڵکەی ئەرسلان تەپە (Arslantepe Höyüğü) کە لە ساڵی ۲۰۲۱دا خرایە ناو لیستی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆ، لەگەڵ مۆزەخانەی شوێنەوارناسیی ملاتیە لە ناوەندی شارەکەدا. تەپۆڵکەی ئەرسلان تەپە زانیاری لەسەر سیستەمی دەسەڵاتداریی سەرەتایی دەخاتە ڕوو، و مۆزەخانەی شوێنەوارناسیش ئەو پارچانە نمایش دەکات کە لە هەڵکۆڵینەکانی ناوچەکەوە دۆزراونەتەوە.
لە لیستی نوێی وەزارەتدا، ماڵی یادەوەریی ئەتاتورک و مۆزەخانەی ئەتنۆگرافیا، لەگەڵ مۆزەخانەی ئەتنۆگرافیای بەشکۆناکار و ماڵی نەریتیی ملاتیە بە بەلاش تۆمار کراون، بەڵام ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم دوو مۆزەخانەیە لە ئێستادا بەڕووی سەردانیکەراندا داخراون.
سەرچاوە: Malatya Güncel