
ئەنجوومەنی شارەوانیی ناشڤیل بە بەیاننامەیەکی فەرمی ٥٠ ساڵەی هاتنی کوردانی بۆ ئەمریکا بەرز ڕاگرت
شارەوانیی ناشڤیل ڕێزی لە ٥٠ ساڵ نیشتەجێبوونی کوردان گرت، کە لە یەکەم خێزانی کوردەوە لە ١ی ئاداری ١٩٧٦ دەستی پێکردووە تا دەگاتە زیاتر لە ٢٠ هەزار هاووڵاتیی کورد لەو شارەدا.
ئەنجوومەنی شارەوانیی ناشڤیل لە ڕێکەوتی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بەیاننامەیەکی فەرمیی دەرکرد، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی ٥٠ ساڵەی هاتنی خێزانە کوردەکان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نیشتەجێبوونیان لەو ناوچەیەدا. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە یەکەم گرووپی خێزانی کورد لە ١ی ئاداری ١٩٧٦ گەیشتوونەتە ئەمریکا.
لە بەیاننامەکەدا ستایشی بەشداریی کوردان لە ژیانی کولتووری و کۆمەڵایەتیی شارەکە کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە ناشڤیل بە "کوردستانی بچووک" ناودەبرێت و کۆمەڵگەی کوردی بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی شارەکە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە زیاتر لە ٢٠ هەزار کورد لەو شارەدا دەژین.
هەروەها سەرنج ڕاکێشراوە بۆ سەر هاوکارییە ستراتیژییەکان و ڕێزی بەرامبەر لە نێوان کوردستان و ئەمریکادا. بەشداریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی داعش لە تەنیشت هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، وەک بەهێزترین نموونەی ئەو هاوکارییە بەڵگە کراوە.
بەیاننامەکە لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانەوە بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی شارەوانی و سەرۆکی ئەنجوومەن، ئەنجی ئی. هێندێرسن، واژۆ کراوە. لە لیستی واژۆکەراندا ناوی ئەنجی ئی. هێندێرسن، مایک کۆرتێزی، زولفات سوارە، ئێمیلی بێنێدیکت، تۆم دروفێل، تاشا ئێلیس، دێلیشا پۆرتێرفێڵد، جۆی ستایلز، کلەی کاپ، ئەنتوانێت لی، بۆب ناش، ڕەس برادفۆرد، جەیکۆب کوپین و سان هاتووە.
سەرچاوە: Rûdaw