
ناشبکۆڵ بە بڕوانامەیەکی ڕێزلێنانی فەرمی ڕێزی لە ٥٠ ساڵەی کۆمەڵگەی کوردی گرت
شارەوانی ناشبکۆڵ لە ٥٠ ساڵەی گەیشتنی یەکەم پەنابەرانی کورد بۆ ناوچەکە لە ساڵی ١٩٧٦دا، بڕوانامەیەکی ڕێزلێنانی فەرمی پێشکەش بە کۆمەڵگەکە کرد.
شارەوانی ناشبکۆڵ و ئەنجومەنی شارەکە، بەبۆنەی ٥٠ ساڵەی گەیشتنی یەکەم گرووپی کورد بۆ ناوچەکە، بڕوانامەیەکی ڕێزلێنانی فەرمییان پێشکەش بە کۆمەڵگەی کوردی کرد. یەکەم گرووپی پەنابەری کورد لە ١ی ئایاری ١٩٧٦دا گەیشتنە ویلایەتە یەکگرتووەکان و لە ناشبکۆڵ نیشتەجێ بوون.
ئەمڕۆ ئەم شارە کە زیاتر لە ٢٠،٠٠٠ دانیشتووی کوردی تێدایە و بە "کوردستانی بچووک" دەناسرێت، ماڵی گەورەترین کۆمەڵگەی کوردییە لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. کۆمەڵگەکە لە بوارەکانی بازرگانی، پەروەردە، تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا بەشدارییەکی گرنگ لە پێکهاتەی چالاکی شارەکەدا دەکات.
لە بەڵگەنامەکانی شارەوانی و ئەنجومەندا، ستایشی ڕۆڵی کورد لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا کرا، هەروەها ئاماژە بە هەوڵەکانی نەوەی یەکەم بۆ پاراستنی کەلەپووری کولتووری و خەباتی هێزەکانی پێشمەرگە لە دژی داعش لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا کرا. مایک کۆرتێس، ئەندامی ئەنجومەنی شار، ڕایگەیاند کە شانازی دەکەن بە یادکردنەوەی ٥٠ ساڵەی کۆمەڵگەی کوردی؛ زولفات سواراش سوپاسی کردن بۆ ئەو خزمەتەی لە ماوەی نیو سەدەدا پێشکەشی شارەکەیان کردووە.
حیکمەت بامرنی کە یەکێک بوو لە ئەندامانی یەکەم گرووپ لە ساڵی ١٩٧٦دا لە شارەکە نیشتەجێ بوو، ڕایگەیاند کە ٥٠ ساڵە لەوێ دەژێت و شانازی دەکات بەوەی بە پاراستنی ناسنامەی کۆمەڵگەکەیان خزمەتی شارەکەیان کردووە.
سەرچاوە: Kurdistan24