
لە دەروازەی سنووریی کاپیکۆی لە وان هاتووچۆی دوولایەنەی بارهەڵگرەکان دەستی پێکرد
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان نێجدەت تاکڤا ڕایگەیاند کە هاتووچۆی دوولایەنەی بارهەڵگرەکان لە نێوان تورکیا و ئێران لە دەروازەی سنووریی کاپیکۆی دەستی پێکردووە.
لە دەروازەی سنووریی کاپیکۆی لە شارۆچکەی سارایی سەر بە پارێزگای وان، کە پێشتر تەنیا بارهەڵگرەکانی ئێران ڕێگەیان پێ دەدرا بچنە ژوورەوە، ئێستا ڕێگە بە بارهەڵگرەکانی تورکیاش دەدرێت بەرەو ئێران بپەڕێنەوە.
نێجدەت تاکڤا، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند کە دانوستانەکان لەگەڵ پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێران ئەنجامی ئەرێنییان هەبووە و هاتووچۆی یەکلاینەی بارهەڵگرەکان بووەتە دوولایەنە.
تاکڤا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پێشحاتە یارمەتییەکی گەورە بە چالاکییە بازرگانی و لوجستییە نێودەوڵەتییەکانی وان دەکات و هیوای خواست بۆ شارەکە و ناوچەکە و وڵات خێر و بەرەکەت بێت.
سەرچاوە: Van Ekspres