
نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا جەختی لەسەر عێراقێکی خاوەن سەروەری و فیدراڵ کردەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی سەروەری لە بەغدا، داوای عێراقێکی خاوەن سەروەری تەواو، دەستووری و فیدراڵی کرد.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە لە بەغدا بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی سەروەریدا کرد کە بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسییەکان بەڕێوەچوو.
بارزانی لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند: "ئێمە خوازیاری عێراقێکی دەستووری، فیدراڵ، سەقامگیر و خاوەن سەروەری تەواوین کە ژیان و ئاسایشی هەموو پێکهاتە و هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی بپارێزێت." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سەروەری تەنها بە واتای کشانەوەی هێزە سەربازییە بیانییەکان نییە، بەڵکو ئەوەیە کە دەوڵەت بڕیاردەری کۆتایی بێت.
سەبارەت بە پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، بارزانی وتی: "ئێمە هەرگیز ئەو هاوکاری و پشتیوانییە لەبیر ناکەین و هەمیشە بە ڕێزەوە یادی دەکەینەوە. بەڵام سوپاسگوزاری ڕاستەقینە دەبێت بەرەو ئەوە بڕوات کە بەرپرسیارێتی نیشتمانی لە عێراقدا هەڵبگرین." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان، قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات و پێویستە ئەم قۆناغە پشت بە متمانە بەخۆبوون و تواناکانی نیشتمانی ببەستێت.
بارزانی ئەوەشی خستەڕوو کە هێزی عێراق لە شەڕی چەکداری و ئاژاوەدا نییە، بەڵکو لە دیالۆگ، تێگەیشتن و سەروەریی دەستووردایە، هەروەها دەسەڵاتی دەوڵەت ماف و هاوسەنگی هەموو پێکهاتەکان دەپارێزێت.
سەرچاوە: Rûdaw