
بارزانی: کارکردن بۆ مافی ڕزگاربووانی دەستی داعش و چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان بەردەوامە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، هەوڵەکان بۆ پاراستنی مافی ڕزگاربووانی ئێزدی، دۆزینەوەی بێسەروشوێنکراوان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال بەردەوام دەبن.
لە ڕێوڕەسمی ناساندنی تۆڕی «رابوونەوە» کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەیامی بارزانی خوێندەوە. بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕێوڕەسمە تەنیا بۆ یادکردنەوەی تاوانەکانی داعش بەرامبەر بە ئێزدییەکان نییە، بەڵکو بۆ جەختکردنەوەیە لەسەر بڕیاری ڕزگاربووان بۆ بنیاتنانی ژیانێکی نوێ.
سەرۆکی هەرێم وتی، پێویستە ڕزگاربووان لەسەر ماف و داهاتووی خۆیان خاوەن بڕیار بن و تۆڕی «رابوونەوە» هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەو پرۆسەیە. ڕاشیگەیاند کە تۆڕەکە دەرفەت دەدات بە ڕزگاربووان دەنگی خۆیان بگەیەنن و بەشداری لە بڕیارەکاندا بکەن.
بارزانی جەختی کردەوە کە کارکردن بەردەوامە تا ئەو کاتەی چارەنووسی دواین کەسی ڕفێنراوی دەستی داعش ئاشکرا دەبێت و نووسینگەکە هەوڵ دەدات بۆ دۆزینەوە، گەڕاندنەوە و یەکلاییکردنەوەی دۆخی بێسەروشوێنکراوان. هەروەها بەدیهێنانی دادپەروەری، مسۆگەرکردنی مافەکان و جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی لە ئەولەویەتی کارەکانن.
سەرۆکی هەرێم دووپاتی کردەوە کە لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکانی دیکە لەگەڵ ئێزدییەکان دەبن و ناسنامە و مافە ڕەواکانیان دەپارێزن. هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە پێویستە زەمینەی گونجاو بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ناوچەکانی دیکەی نیشتەجێبوونی ئێزدییەکان بڕەخسێنرێت.
سەرچاوە: Rûdaw