
نێچیرڤان بارزانی: هێزە سیاسییەکان دەبێت ناکۆکییەکان لە چوارچێوەی پەرلەماندا چارەسەر بکەن
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، دەستپێکردنەوەی کاری پەرلەمانی بەرز نرخاند و داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد ناکۆکییەکانیان لە ڕێگەی دیالۆگەوە لە ناو پەرلەماندا چارەسەر بکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە دەستپێکردنەوەی کاری پەرلەمانی کوردستان بەرز دەنرخێنێت. ئاماژەی بەوەشکرد کە پەرلەمان باڵاترین دەزگایە کە نوێنەرایەتی ئیرادەی گشت خەڵکی کوردستان دەکات.
بارزانی داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان کرد بە شێوەیەکی کارا بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمان بکەن و جیاوازییەکانیان بە هەستی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە لە ژێر چەتر و چوارچێوەی پەرلەماندا چارەسەر بکەن. هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و بەهێزکردنی بنەمای لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان.
سەرۆک جەختی لەوە کردەوە کە دیالۆگ، لێکتێگەیشتن و هاوبەشی بنەمای سەرەکین بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکاندا. هەروەها ڕایگەیاند کە سەقامگیرکردنی دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و پاراستنی دەزگا دەستوورییەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە.
سەرچاوە: Kurdistan24