
نەتەنیاهوو دوای هێرشەکەی دیمەشق، بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەحمەد شارا سەرۆکی سووریا قسەی کرد
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای هێرشەکەی مانگی تەممووزی ٢٠٢٥ بۆ سەر دیمەشق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورتی لەگەڵ سەرۆکی سووریا ئەنجامدا.
بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای ئەو هێرشە ئاسمانییەی لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٥ کرایە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق، بە ڕاستەوخۆ بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەحمەد شارا سەرۆکی سووریا قسەی کردووە.
نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی درووزەکانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکە "زۆر کورت و ڕوون" بووە و وتی: "پەیوەندیم بە شاراوە کرد".
سەرۆک وەزیران ئەوەشی خستەڕوو کە دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، شەڕ و پێکدادانەکان لە پارێزگای سوەیدای باشووری سووریا کۆتاییان هاتووە و جەختی کردەوە کە "هەموو هەوڵێکیان دەخەنە گەڕ بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی درووز".
لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٥، بەهۆی ڕفاندنی هاووڵاتییان، شەڕێکی توند لە نێوان هۆزە عەرەبە بەدەوییەکان و گرووپە چەکدارەکانی درووز لە سوەیدا هەڵگیرسا؛ ئەو شەڕەی چوار ڕۆژی خایاند و ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە، بە ئاگربەستێک ڕاگیرا. لە هەمان کاتدا سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی دژی هێزە ئەمنییەکانی سووریا ئەنجامدا؛ لە ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٥دا، کۆشکی سەرۆکایەتی، وەزارەتی بەرگری و باڵەخانەکانی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا لە پایتەخت کرانە ئامانج.
سەرچاوە: Rûdaw