
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نومان کورتولموش: قۆناغی نوێ پێویستی بە زمان و تێگەیشتنێکی نوێ هەیە
کورتولموش ڕایگەیاند کە دەبێت لە پرۆسەی ئاشتیدا دەستبەرداری وتاری جیاکەرەوە و هەڵاواردن ببن، لیژنەیەکی نوێی چاودێری بەم زووانە پێکدەهێنرێت و پرۆسەکە بەناوی گەلەوە بە وردییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
نومان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (TBMM)، لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە لێدوانی دا و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەمووان دەستبەرداری بەکارهێنانی زمانی جیاکەرەوە ببن و هەندێک لایەنیش لە بەکارهێنانی زمانی هەڵاواردن دووربکەونەوە، چونکە قۆناغی نوێ پێویستی بە زمان و تێگەیشتنێکی نوێ هەیە.
کورتولموش پێش سەردانە فەرمییەکەی بۆ پورتوگال لە ناو فڕۆکەکەدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و باسی لە خشتەی کاتیی پێکهێنانی لیژنەی چاودێری لە پەرلەمان کرد. ئاماژەی بەوە دا کە "ڕێگەی گفتوگۆ" کە لە لیژنەی هاوبەشی نیشتمانی و برادەرایەتی و دیموکراسیدا جێبەجێ کراوە، لەمەیانیشدا پەیڕەو دەکرێت، هەروەها لیژنەکە بە بەشداریی نوێنەرانی هەموو پارتییەکان پێکدەهێنرێت و هاوکاری لەگەڵ ئەو دەستەیەدا دەکرێت کە جێگری سەرۆک کۆمار سەرۆکایەتی دەکات.
کورتولموش ڕوونیکردەوە کە لیژنەکە لە مەیدانەکەدا کار ناکات، بەڵکو دەستە فەرمییەکانی ئاسایشی دەوڵەت چاودێری پێشهاتەکانی مەیدانەکە دەکەن. هەروەها پێشنیازەکەی کە بە ٤٦٧ دەنگ پەسەند کرا، وەک ئاماژەیەک وەسف کرد کە نیشانی دەدات سیاسەتی تورکیا بە کەمەوە سەیری ئەم پرۆسەیە ناکات. ڕەخنەکانی دژی پرۆسەکەشی بە "نیەتخراپ" ناوبرد.
کورتولموش ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ڕێکخراوەکان چەک دابنێن و پرۆسەیەکی ئاشتییانە دەستپێبکات، هەروەها ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوانە خاوەندارێتی کردنی پرۆسەکە لەلایەن گەلەوە مسۆگەر دەکەن.
سەرچاوە: Kurdistan24