
خەدیجە گونەش، کە لە قۆناغی ناوەندییەوە بە شوو درابوو، دوای ١٣ ساڵ بوو بە پڕۆفیسۆر لە زانکۆ
خەدیجە گونەش کە لەدوای تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی بە شوو درابوو، دوای دابڕانێکی ١٣ ساڵە درێژەی بە ژیانی ئەکادیمی دا و بوو بە پڕۆفیسۆر.
خەدیجە گونەش لە ساڵی ١٩٧٣ لە قەزای بۆلڤادینی سەر بە ئەفیۆنکاراهیسار لەدایک بووە. لە تەمەنی ٥ ساڵیدا دایکی و لە تەمەنی ٧ ساڵیشیدا باوکی لەدەست داوە و چووەتە لای داپیرە و باپیرەی. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە هەمان شوێن تەواو کردووە؛ ئەو ساڵەی ناوەندی تەواو کرد بە شوو دراوە، بۆیە نەیتوانیوە بچێتە ئامادەیی پیشەیی پەرستاری و بە فرمێسکی چاوەوە سەیری هاوڕێکانی کردووە.
دوای هاوسەرگیری و لە کاتێکدا بە تەنیا دوو منداڵەکەی گەورە دەکرد، لە ساڵی ١٩٩٩ بە بیستنی ڕاگەیەندراوێکی ڕادیۆیی بۆ تاقیکردنەوەی فەرمانبەری بۆ دەرچووانی ناوەندی، ئەو کارە دەستییانەی لە ماڵەوە دروستی کردبوون فرۆشتنی و پارەی تاقیکردنەوەکەی کۆکردەوە. لە تاقیکردنەوەکەدا نمرەی ٩٤ی بەدەستهێنا و لەسەر ئاستی تورکیا بوو بە ١٩٥ەمین و وەک خزمەتگوزار لە ئامادەیی پیشەیی دادی بۆلڤادین دامەزرا. ناوی خۆی لە ئامادەیی کراوە تۆمار کرد، لە کاتێکدا منداڵەکانی دەخوێندنی، ئەویش قۆناغی ئامادەیی و دواتر بەشی پەروەردەی زمانی تورکی لە فاکەڵتیی پەروەردەی زانکۆی سەلجوقی تەواو کرد و بە پلەی دووەم دەرچوو.
کاتێک هاوسەرەکەی لە ساڵی ٢٠٠٥ کۆچی دوایی کرد، بەرپرسیارێتی دوو منداڵەکە بە تەواوی کەوتە سەر شانی دایکیان. ڕووی کردە مەلەتی و لە دادگا کاری کرد، بە سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەی گۆڕینی ناونیشانی وەزارەتی داد، بوو بە مامۆستا لە بەندیخانەی مەلەتی و بڕوانامەی ماستەرەکەی تەواو کرد. لە زانکۆی ئینۆنو وەرگیرا بۆ خوێندنی دکتۆرا، لەگەڵ کچەکەی کە لە فاکەڵتیی پزیشکی هەمان زانکۆ دەیخوێند پێکەوە دەرسیان دەخوێند، دواتر لە فاکەڵتیی پەروەردەی زانکۆی ئایدن عەدنان مەندەرەس وەک مامۆستای دکتۆرا دەستبەکار بوو.
سەرچاوە: Malatya Haber