
یەکەمین دەرچووانی سەنتەری ئۆتیزمی کفری دەستیان بە خوێندنی سەرەتایی کرد
سێ منداڵی تووشبوو بە ئۆتیزم کە خوێندنی خۆیان لە سەنتەری ئۆتیزمی کفری تەواو کردووە، لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی ناوچەکە ناویان تۆمار کرا.
لە قەزای کفری، سەنتەری ئۆتیزم کە دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کرایەوە، سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا.
سێ منداڵی تووشبوو بە ئۆتیزم کە پرۆسەی پەروەردەی تایبەت و ڕاهێنانیان لە سەنتەرەکە تەواو کرد، گەیشتنە تەمەنی خوێندنی فەرمی و لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی قەزاکە ناویان تۆمار کرا. ئەو ڕاهێنانە چڕانەی پسپۆڕان بۆ گەشەکردن و خۆگونجاندنی منداڵەکان ئەنجامیاندا، وایکرد منداڵەکان بگەنە ئەو ئاستەی بتوانن لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆیان لە پۆلدا دەرس بخوێنن.
بەو ئەنجامە، سەنتەری ئۆتیزمی کفری بووە یەکەمین سەنتەر لە ناوچەی گەرمیان کە منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم دەخاتە ناو سیستەمی پەروەردەوە. منداڵەکان بە دەستپێکردنی دەوام لە قوتابخانەکانی قەزاکە، قۆناغێکی نوێ و پڕ لە هیوایان لە ژیانیاندا دەست پێکرد.
سەرچاوە: Kurdistan24