
لە پاریس ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی پێشمەرگە و شەڕڤانە کورد و فەرەنسییەکان بەڕێوەدەچێت
لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بە ڕێکخستنی کۆمەڵەی برایەتی فەرەنسا-پێشمەرگە لە ناوچەی ١٥ی پاریس، یادی شەڕڤانە کورد و فەرەنسییەکان دەکرێتەوە.
لە ڕۆژی شەممە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە ناوچەی ١٥ی پاریسی پایتەختی فەرەنسا، زنجیرەیەک ڕێوڕەسم بۆ ڕێزلێنان لەو پێشمەرگە و سەربازە دێرینە کورد و فەرەنسییانە بەڕێوەدەچێت کە لە پێناو ئازادیدا گیانیان بەخت کردووە. ئەم چالاکییە بە دروشمی "بۆ جیهانێکی ئازاد" لەلایەن کۆمەڵەی برایەتی فەرەنسا-پێشمەرگە ڕێکخراوە و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا و کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستان بەشدار دەبن.
ڕێوڕەسمەکە کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ بە پێشوازیکردن لە میوانان لە باخچەی "ئۆجینی جێندی" بە ناونیشانی ٢٩، شەقامی مۆنتین دۆ لا فاج، لە یەکتربڕی شەقامەکانی سانت-شارڵ و بالارد دەست پێدەکات. کاتژمێر ٢:٣٠ی پاشنیوەڕۆ، ڕێوڕەسمی فەرمیی یادکردنەوە لەبەردەم پەیکەری ئەو سەربازانە بەڕێوەدەچێت کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات بۆ فەرەنسا گیانیان لەدەست داوە. کاتژمێر ٣:٣٠ی پاشنیوەڕۆ، بەشداربووان لە "ڕێگای پێشمەرگە" لەناو پارکی ئەندرێ سیترۆین خولەکێک بێدەنگ دەوەستن و کاتژمێر ٤:٣٠ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی شووشەیی هەمان پارک، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ ڕێزلێنان لە هێزەکانی پێشمەرگە ساز دەکرێت.
ڕێکخەرانی چالاکییەکە ڕایانگەیاندووە کە ئەم ڕێوڕەسمە وەک نیشانەیەک بۆ ئەو هاوپەیمانی و قوربانیدانە هاوبەشەیە کە هەردوو گەل لە پێناو بەها مرۆییەکان و ئازادیدا پێکیانهێناوە.
سەرچاوە: Kurdistan24