
پنتاگۆن بە تەواوی پشتگیری لە یەکخستنی پێشمەرگە لە چوارچێوەی یەک هێزدا دەکات
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پرۆسەی یەکخستن و چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەحرەین لەگەڵ مایکل دیمینۆ، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە لە پەراوێزی کۆڕبەندی "دیالۆگی ماناما" لە شاری مانامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوەچوو و فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسەکەی پنتاگۆن ڕایگەیاند کە پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی یەک هێز و پرۆسەی چاکسازی بەرز دەنرخێنن. جەختیش لەسەر ئەوە کرایەوە کە هەنگاوەکانی چاکسازی و پابەندبوونەکان لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی سەربازیی نێوان هەردوولا، بە سەرکەوتوویی لە مەیداندا جێبەجێ دەکرێن.
مایکل دیمینۆ ئاماژەی بەوە کرد کە کۆکردنەوەی پێشمەرگە لەژێر پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی و مۆدێرنکردنیان، هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و پیرۆزبایی لە شۆڕش ئیسماعیل کرد بۆ ئەو پێشکەوتنانەی لەو پرۆسەیەدا بەدەستهاتوون.
سەرچاوە: Rûdaw