
وەزارەتی پێشمەرگە: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا جێگەی نیگەرانییە
پێشمەرگە ڕایگەیاند کە کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بدون سیستەمی بەرگری، سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە، ڕۆژی دووشەممە ۲۸ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە ڕاگەیەندراوێکی نووسراودا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە و ئەم بڕیارەش ئەنجامی ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و ئەمریکا و هاوپەیمانانیەتی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە جێهێشتنی ناوچەکە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانی بێ دابینکردنی سیستەمی بەرگری، بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستادا جێگەی نیگەرانییە، ڕەوشی ئاسایشی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە و پێویستی بە بڕیاری سیاسیی ورد هەیە. ئاماژە بەوەش کراوە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا لە کاتی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی درۆن و مووشەکی بووەتەوە، کە بەشێک لەم هێرشانە کەوتوونەتە ناوچە مەدەنییەکان و جگە لە زیانی مادی، بوونەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان.
پێشمەرگە دووپاتی کردەوە کە پاراستنی ئاسمانی هەرێم وەک بەشێک لە ئاسمانی عێراق ئەرکی سەرەکیی حکومەتی فیدراڵییە و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ لەئەستۆگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە لە کاتی پێویستدا. دڵنیایی درا کە هێزەکانی پێشمەرگە پەیوەندییەکی دەستووری و ئاسایشی بەهێزیان لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە، هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش بەردەوام دەبێت و ژینگەیەکی ئارام بۆ گەلی کوردستان دابین دەکرێت.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کرد بۆ هاوکارییەکانی ڕابردوویان، و ڕایگەیاند کە لە داهاتووشدا بەردەوام دەبن لە پاراستنی خاک و گەلەکەیان و خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکاندا دەگونجێنن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان.
سەرچاوە: Kurdistan24