
وەزیری نەوت: کۆمپانیا ئەمریکییەکان ڕۆڵێکی سەرەکی لە کەرتی نەوت و گازی عێراقدا دەگێڕن
وەزیری نەوتی عێراق، باسم محەمەد ڕایگەیاند کە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا وزەییەکانی ئەمریکا دەبێتە هۆی زیادکردنی بەرهەمهێنان.
باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکی بەهۆی ئەو تەکنەلۆژیا پێشکەوتوو و شارەزاییە تەکنیکییەی هەیانە، ڕۆڵێکی سەرەکی لە پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گازی سروشتیی وڵاتەکەدا دەگێڕن.
وەزیرەکە ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی نەوت بە لابردنی بەربەستە کارگێڕییەکان، پرۆسەی گرێبەستەکانی خێراتر کردووە و بەمەش زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان بووەتە بابەتێکی زۆر گرنگ.
ئەوەش خراوەتە ڕوو کە ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی لەگەڵ زەبەلاحەکانی وزەی جیهانی وەک شێڤرۆن، ئێکسۆن مۆبیل، کۆنۆکۆ فیلیپس، هالیبێرتن و شڵومبێرگەر ئەنجام دەدرێن، دەبنە هۆی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکان، زیادکردنی بەرهەمهێنان و لە ڕێگەی گواستنەوەی تەکنەلۆژیاشەوە، بەشدارییەکی بەهێز لە ئابووریی وڵاتدا دەکەن.
سەرچاوە: Kurdistan24