
نرخی نەوت بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەرزبووەوە، زێڕ گەیشتە ٤١٤٠ دۆلار
بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، نرخی نەوتی برێنت و تێکساسی بەرزکردەوە و نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش گەیشتە ٤١٤٠ دۆلار.
نرخی نەوت بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و کەمبوونەوەی ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک بەرزبووەوە. نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە ڕێژەی ١,٢٢٪ بەرزبووەوە و گەیشتە ١٠٦,٥٦ دۆلار، نەوتی خاوی تێکساسی ئەمریکاش بە ڕێژەی زیاتر لە ١٪ بەرزبووەوە و گەیشتە ٩٣,٥٧ دۆلار.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش بە بڕی نزیکەی ٢٠ دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە ئاستی ٤١٤٠ دۆلار. زێڕ ڕۆژی دووشەممە بە ڕێژەی ٤٪ دابەزیبوو و گەیشتبووە نزمترین ئاستی خۆی لە حەوت هەفتەی ڕابردوودا؛ گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە نرخی نەوتی بە بەرزی هێشتووەتەوە و بەرزبوونەوەی سوودی قەرزە داراییەکانی ئەمریکا، گوشاریان لەسەر ئەم کانزا بەنرخە دروست کردبوو.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە تاران لە ڕێگەی قەتەرەوە لە نیویۆرک دانوستانی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام داوە. ئەمریکا و ئێران لە چوارچێوەی هەوڵە نوێیەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، بە جیا لەگەڵ نێوەندگیەرەکان دانوستان دەکەن. مەحمود مەشعل، شرۆڤەکاری کۆمپانیای ڤی تی مارکێتس جەختی لەوە کردەوە کە پێشکەوتن لەم دانوستانانەدا تەوەری سەرەکی بازاڕەکانە، بەڵام نیگەرانییەکان لەسەر ژێرخانی وزە و دابینکردنی نەوت بەهۆی گرژییەکانی نێوان سعودیە و حوسییەکان بەردەوامە.
لە گەرووی ستراتیژی هورمزدا، لە کاتێکدا ئێران پێداگری لەسەر مەرجەکانی خۆی بۆ کردنەوەی دووبارەی گەرووەکە دەکات، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ئەو پێشنیارە مەرجدارەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە چاوەڕوان دەکات دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم، بۆردومانکردنی ئێران دەست پێ بکاتەوە. ئەم پێشهاتانە گوشاری سەر نرخی وزەیان زیاتر کردووە و پێشبینییەکانی هەڵاوسانیان بەرزکردووەتەوە.
سەرچاوە: Rûdaw