
پزیشکیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر بەرگریی ڕەوا و سیاسەتە ئەتۆمییەکان کردەوە
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی کرد و ڕایگەیاند کە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە دەرەوە بەرگری لە مافی بەرگریی ڕەوای خۆی دەکات و جەختی لەسەر بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی ئاشتییانەی ئانەرژیی ئەتۆمی کردەوە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک وتارێکی پێشکەش بە سەرکردەکانی جیهان کرد.
پزیشکیان هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی وەک قوتابخانەکان، زانکۆکان، پردەکان و بینا گشتییەکان وەک پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئێران بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە هیچ کەسێک، بەرگری لە مافی بەرگریی ڕەوای خۆی دەکات.
لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە زیاتر لە ٨٠ هەزار کەسی بێتاوان لە غەززە کوژراون، و ڕایگەیاند کە ئێران لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ وڵاتێک و تەنیا بەرگری لە سەروەریی نیشتمانیی خۆی کردووە. هەروەها ئاماژەی بە ئاسایشی بازرگانیی دەریایی و کەشتیوانی لە گەرووی هورمز کرد و گوتی ئێران ڕێگە نادات کەشتیرانیی ئازاد لەم گەرووەدا تووشی ئاستەنگ ببێت.
سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، پزیشکیان ڕایگەیاند کە چەکی ئەتۆمی وەک توخمێکی ئاسایش ناکۆڵنەوە، بەڵام لە مافی خۆیان بۆ ئانەرژیی ئەتۆمیی ئاشتییانە پاشەکشە ناکەن.
سەرچاوە: Kurdistan24