
سەرۆک کۆماری ئێران پزیشکیان داوای بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات
پزیشکیان لە پەراوێزی لوتکەی کەشوهەوا لە ئەنتالیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە و ڕایگەیاند کە ئامانجیان پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە پەراوێزی لوتکەی کەشوهەوا لە ئەنتالیا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران تاوتوێ کران.
پزیشکیان ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییە "دێرینەکانی" نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەو پەیوەندییانە "بەراورد بە ڕابردوو زیاتر پەرەیان پێ بدرێت". ناوبراو وتی: "بەپێی توانا و دەرفەتە بەردەستەکان، دەبێت ئەم پەیوەندییانە لە هەر کاتێکی تر بەهێزتر بکرێن. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە ئامادەیە".
سەرۆک کۆمار باسی سزاکانی ئەمریکای بۆ سەر ئێران کرد و وتی: "دوژمنان ناتوانن گەلی ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە گۆشەگیر بکەن، چونکە ئێمە دۆست و دراوسێی باشمان هەیە، وەک خەڵکی بەڕێزی هەرێمی کوردستان". بارزانیش جەختی لە گرنگیی بەرقەرارکردنی "ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی هەمیشەیی" لە بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا کردەوە.
بارزانی دوای کۆبوونەوەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "بەیانی ئەمڕۆ لە ئەنتالیا لەگەڵ بەڕێز سەرۆک کۆمار مەسعود پزیشکیان کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان ئەنجامدا". هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە: "جەختمان لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ناوچەکە کردەوە. جەختمان لەوە کردەوە کە دیالۆگ، تێگەیشتنی هاوبەش و هاوکاری، ڕاستترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری هەمیشەیی". بارزانی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی تشرینی دووەم بە بانگهێشتی فەرمیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەشداری لە لووتکەی کەشوهەوا لە ئەنتالیا کرد و لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی دیکەدا کۆبووەوە.
سەرچاوە: Rûdaw