
پزیشکیان: ئێران لە ماوەی ٤٨ ساڵی ڕابردوودا بەم ڕادەیە نەخراوەتە ژێر گوشارەوە
مەسعوود پزیشکیانی سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩وە وڵاتەکە بەم ڕادەیە ڕووبەڕووی گوشار و سەختیی زۆر نەبووەتەوە.
مەسعوود پزیشکیانی سەرۆککۆماری ئێران، لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پلاندانان و گەشەپێدانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکە کرد.
پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩دا، کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە دەوری مزگەوتەکان چارەسەر دەکران و جەختی لەوە کردەوە کە لەو سەردەمەدا پێویست بوو خەڵکی گەڕەکەکان ئاگاداری دۆخی یەکتر بن.
پزیشکیان وتی، لەو ٤٨ ساڵەی لە دوای شۆڕشەوە تێپەڕیوە، ئێران هەرگیز بەم ڕادەیە ڕووبەڕووی گوشار و سەختی نەبووەتەوە و ڕایگەیاند، "دوژمنان" دەیانەوێت بە ئامانجگرتنی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران و هەندێک لە فەرماندە و بەرپرسان، ناسەقامگیری دروست بکەن. بەڵام جەختی کردەوە کە هیچ ناسەقامگیرییەک لە وڵاتدا ڕووی نەداوە، بە پێچەوانەوە یەکگرتوویی و تەبایی زیاتر بووە.
سەرچاوە: Kurdistan24