
سەرۆک کۆماری ئێران پزیشکیان: شەڕمان ناوێت، خۆمان بۆ زۆرداری نچەمێنین
پزیشکیان ڕایگەیاند کە ئێران شەڕی ناوێت، یەکێتی و تەبایی سەقامگیریی وڵات دابین دەکەن و لە بەرامبەر هیچ زۆردارییەکدا سەر دانەنەوێنێت.
سەرۆک کۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە وتارێکدا جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی و تەبایی وڵات زامنی بەهێزی دەسەڵات و سەقامگیرییە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان شەڕ و ململانێیان ناوێت، بەڵام لە بەرامبەر هیچ زۆرداری و لووت بەرزییەکدا پاشەکشە ناکەن. ڕاشیگەیاند کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان کەمتەرخەمی و گرنگیینەدانە بە هاوڵاتییان.
پزیشکیان بە پشتبەستن بە بنەما و فێرکارییە ئایینییەکان گوتی، نابێت ئەو ئاشتییەی دوژمن داوای دەکات ڕەت بکرێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت وشیاری فێڵ و تەڵەکانی دوژمن ببن.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز ڕایگەیاندبوو لە نێوان بژاردەکانی ئەمریکا بۆ ئێران، لەناوبردنی وڵاتەکە، ڕووخانی ئابووری یان گەیشتن بە ڕێککەوتن هەن. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامادەیە لە کاتی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران کۆببێتەوە و گوتیشی هەندێک لە بەرپرسانی ئێران خۆیان شاردووەتەوە و کەسێکی نەدۆزیوەتەوە کە دەسەڵاتی ئیمزاكردنی ڕێککەوتنی هەبێت. جگه لەوەش، ترەمپ ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە پەیوەندی بەردەوامدادایە لەگەڵ حوسییەکان و ئەو گرووپە ڕازی بوون کە درێژە بە شەڕ نەدەن.
سەرچاوە: Kurdistan24