
بە دەستێوەردانی فڕۆکەوان، پەنابەرێکی کورد و کوڕەکەی لە ئەڵمانیاوە بۆ تورکیا دیپۆرت نەکراونەتەوە
عیسا سەعات، پەنابەرێکی کورد کە لە ئەڵمانیا دەژی، لەگەڵ کوڕە حەوت ساڵانەکەی لەو فڕۆکەیەی کە بڕیار بوو بۆ تورکیایان ببات، بە دەستێوەردانی فڕۆکەوانەکە دابەزێنران.
عیسا سەعات، پەنابەرێکی کورد کە چوار ساڵە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و هێشتا وەڵامی داواکاریی پەنابەرێتییەکەی نەدراوەتەوە، لە ماڵەکەی خۆی دەستگیر کرا و بۆ فڕۆکەخانەی کۆڵن گواسترایەوە. ئەو باوکە و کوڕە حەوت ساڵانەکەی بە ناوی ئارمان، دوای هەڵکوتانی پۆلیس بۆ سەر ماڵەکەیان لە شەودا، نزیکەی پێنج کاتژمێر لەناو ئۆتۆمبێلێکدا ڕاگیران و لە فڕۆکەخانەشدا لە کاتی ئامادەکاری بۆ گەشتەکە، لەلایەن پۆلیسەوە پشکنینی توندی جلوبەرگیان بۆ کرا.
کاتێک لەو فڕۆکەیە سوار کران کە بڕیار بوو کاتژمێر ١١:٠٠ بەرەو ئەستەنبوڵ بەڕێ بکەوێت، فڕۆکەوانەکە بەوردەکاریی بەڵگەنامەکانی سەعاتیدا چوو و ڕایگەیاند کە پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوەکە مەترسیی یاسایی هەیە. فڕۆکەوانەکە بەرپرسیارێتییەکەی قبوڵ نەکرد و ڕێگری لە فڕینی فڕۆکەکە کرد، بەو هۆیەوە باوک و کوڕەکە لە فڕۆکەکە دابەزێنران.
دوای دابەزاندنیان لە فڕۆکەکە، سەعات کوڕەکەی گەڕاندەوە ماڵەوە، بەڵام لە ترسی ئەوەی جارێکی دیکە دیپۆرت بکرێتەوە، هێشتا لە هاوسەرەکەی و منداڵەکەی دیکەی بە جیا دەژی. خێزانەکە داوا دەکەن دۆخی یاسایی سەعات یەکلایی بکرێتەوە، بنەمای یاسایی هەوڵی دیپۆرتکردنەوەکە ڕوون بکرێتەوە و لێکۆڵینەوە لەو مامەڵەیەی لەگەڵ منداڵەکەدا کراوە، بکرێت.
سەرچاوە: Rûdaw