
پژاک هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات
پژاک وردەکاریی هێرشە درۆنی و تۆپخانەییەکانی ئێرانی بۆ سەر ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان و زیانەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ڕاگەیاند.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئێوارەی سێشەممە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بڵاویکردەوە، زانیاری لەسەر هێرشەکانی هێزەکانی ئێران بۆ سەر ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان خستەڕوو. لەو هێرشانەدا ئەندامێکیان بە ناوی دەرسیم بەهار لە ناوچەی سەردەشت گیانی لەدەستدا، بەڵام لە هێرشەکەی قەزای پێنجوێندا هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ناوچەکانی شاهۆ، مەریوان و سەردەشت کراونەتە ئامانج؛ کاتژمێر ٧:٣٠ی ئێوارە بنکە و بارەگاکانی ناو سنووری پێنجوێن بە درۆنی خۆکوژی و هاوەن بۆردومان کراون. نزیک کاتژمێر ١٢ی شەویش فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەسەر چیای ئاسۆسدا سووڕاوەتەوە، بەڵام لەو پرۆسەیەدا هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی بە هێزەکانی پژاک نەگەیشتووە.
ئەنجومەنی پژاک هێرشەکانی ئێرانی بەستەوە بە پێشهاتە ناوخۆییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕایگەیاند کە ئەو هێرشانە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی شاری ئاودێنان هاتوون. لە کاتی ڕاپەڕینەکەدا ژمارەیەکی زۆر کەس بریندار بوون و دەستگیر کرابوون. پژاک جەختی لەوە کردەوە کە ئێران بە "سیاسەتی هێرش و سەرکوتکردن" ناتوانێت بزووتنەوە ناڕەزاییەکانی ناوچەکە ڕابگرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕووداو کۆیکردوونەتەوە، لە ٢٨ی شوباتەوە تا ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، زیاتر لە ١٠٠٠ هێرشی درۆنی و مووشەکی کراوەتە سەر ناوچەکە. لەو هێرشانەدا ٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٥٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.
سەرچاوە: Rûdaw