
پۆڵۆنیا لە مەودای درێژخایەندا پلانی هەیە میوانداری لە ۱۵ هەزار سەربازی ئەمریکی بکات
جێگری وەزیری بەرگریی پۆڵۆنیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامانجییەتی میوانداری لە ٤ بۆ ٥ هەزار سەربازی هەمیشەیی و ۱۰ بۆ ۱۱ هەزار سەربازی ئەمریکی بە شێوەی خولەیی (ڕۆتاسیۆن) بکات.
ستانیسلاڤ ڤزیۆتێک، جێگری وەزیری بەرگریی پۆڵۆنیا ئاماژەی بەوە کرد کە لە مەودای درێژخایەندا ئامانجیان ئەوەیە نزیکەی ۱۵ هەزار سەربازی ئەمریکی لە وڵاتەکەیاندا ئامادەییان هەبێت. ئەم ژمارەیە لە ٤ بۆ ٥ هەزار هێزی هەمیشەیی و ۱۰ بۆ ۱۱ هەزار سەرباز بە شێوەی خولەیی پێکدێت.
لە ئێستادا لە چوارچێوەی بەرنامەی خولەییدا، نزیکەی ٦ هەزار و ۵۰۰ بۆ ۷ هەزار سەربازی ئەمریکی لە پۆڵۆنیا لە ئەركداین. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ۱۷ی ئەیلوولدا ڕایگەیاندبوو کە سەبارەت بە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی هەمیشەییی ئەمریکا لە پۆڵۆنیا "پێشکەوتنی گەورە" بەدەستهاتووە و لە ماوەیەکی کورتدا شوێنی بنکەکە ڕادەگەیەنرێت. لە مانگی ئەیلوولدا، شاندەکانی پۆڵۆنیا و ئەمریکا کۆبوونەوەیان ئەنجامدا کە بەهێزکردنی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا و کارەکانی ژێرخانی لەخۆدەگرت.
پۆڵۆنیا کەوتبێتە سەر باڵی ڕۆژهەڵاتی ناتۆ و نزیکەی سەدا ۵ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی خۆی بۆ خەرجییەکانی بەرگری تەرخان دەکات. دونالد تۆسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵۆنیا ئاماژەی بە مەترسییە ئاسایشییەکان کرد و سەرنجی خستە سەر "مەترسییە تێکەڵاوەکان"ی سەرچاوەگرتوو لە ڕووسیاوە، لەوانەش هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک.
سەرچاوە: Rûdaw