
ئاگادارییەکی پڕۆفیسۆر د. ڕەمزی ساریکایا بۆ نەخۆشانی دڵ لە وەرزی زستاندا
پزیشکێکی پسپۆڕی دڵ لە وان ئاماژەی بەوە دا کە کەشوهەوای سارد پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە و مەترسیی جەڵتەی دڵ زیاد دەکات.
پزیشکی پسپۆڕی دڵ و سەرۆکی نەخۆشخانەی پەروەردەیی و لێکۆڵینەوەی وان، پڕۆفیسۆر د. ڕەمزی ساریکایا، سەرنجی ڕاکێشا بۆ کاریگەرییە خراپەکانی کەشوهەوای سارد لەسەر تەندروستیی دڵ و دەمارەکان لە وەرزی زستاندا. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە بە تایبەتی ئەو نەخۆشانەی جەڵتەی دڵیان بەسەردا هاتووە، ستێنتیان بۆ دانراوە، پەستانی خوێنیان بەرزە یان کێشەی سستیی دڵیان هەیە، پێویستە زیاتر ئاگاداری خۆیان بن.
ساریکایا ڕوونیکردەوە کە کەشوهەوای سارد دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی دەمارەکان و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەمەش ئەرکی سەر دڵ زیاد دەکات و مەترسیی جەڵتەی دڵ بەرز دەکاتەوە. ئاماژەی بەوەش دا کە ڕاپێچکردنی بەفر لە کاتەکانی بەیانیدا، بەپەلە ڕۆیشتن یان سەرکەوتن بەسەر هەورازدا، چالاکیی جەستەیی کتومڕ و قورسن و مەترسی دروست دەکەن. لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە پشکنین بۆ زیاتر لە ٨٤،٠٠٠ حاڵەتی جەڵتەی دڵ کراوە، دەرکەوتووە کە بە دابەزینی پلەی گەرمی، مەترسیی جەڵتەی دڵ زیاد دەکات.
ئەم پزیشکە جەختی لە گرنگیی تەندروستیی دڵ کردەوە و گوتی دەبێت هاووڵاتییان لە کاتی چاککردن و ئاگاداربوونی ئۆتۆمبێلەکانیاندا، تەندروستیی خۆشیان فەرامۆش نەکەن: "ئێوە تایەی ئۆتۆمبێلەکەتان گۆڕی، ئاوی ڕادیاتۆرتان پشکنی و سۆباکەی تان چاک کرد. باشە چیتان بۆ دڵتان کردووە؟". هەروەها بیرهێنایەوە کە لە وەرزی زستاندا خواردنی زیاتری تڕشییات و گۆشتی پرۆسێسکراو دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی خوێ لە ڕۆژێکدا، خواردنی خوێی زۆریش پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە.
سەرچاوە: Vansesi Gazetesi