
پرۆفیسۆر دکتۆر حسێن تۆڕۆس: مەترسیی بارانبارینی زۆر لە تورکیا ڕووی لە زیادبوونە و ژێرخانەکەش لاوازە
سەرۆکی بەشی کەشناسی لە زانکۆی تەکنیکیی ئەستەنبوڵ جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارانبارینی زۆر، پێویستە سوود لە کۆکردنەوەی ئاوی باران وەربگیرێت و ئەندازیارانی کەشناسی لە پلاندانانی شارەکاندا بەشدار بن.
پرۆفیسۆر دکتۆر حسێن تۆڕۆس، سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی کەشناسی لە زانکۆی تەکنیکیی ئەستەنبوڵ، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ڕووداو ڕایگەیاند، ئەو وزە زۆرەی لە بەرگەهەوادا کۆبووەتەوە دەبێتە هۆی بارانبارینی لەناکاو و وێرانکەر، ژێرخانی ئێستای شارەکانیش توانای بەرگەگرتنی ئەم بارە قورسەیان نییە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لە ١٠ بۆ ١١ ساڵی ڕابردوودا پلەکانی گەرما لە ئاستی ساڵانی پێشوو بەرزتر بوونەتەوە، گەرمبوونی بەرگەهەوا دەبێتە هۆی ئەوەی ئاو خێراتر هەڵبمژرێت، ئەمەش وزەیەکی زۆر و جوڵەیەکی بەهێز دروست دەکات و دەبێتە هۆی زیادبوونی دیاردە کەشوهەواییە توندەکان.
تۆڕۆس وەک ڕێکاری کورتخایەن پێشنیاری کرد کە ئاوی باران لەسەر سەربانی خانووەکان کۆبکرێتەوە، ئەو بەربەستانەی لە دەوری دارەکانی شەقامەکان دروستکراون لاببرێن بۆ ئەوەی دارەکان سوود لە ئاوەکە وەربگرن؛ هەروەها وتی پێویستە حەوزی کۆکردنەوەی ئاو و بیر بۆ ئاوەڕۆکان لە دۆڵەکاندا دروست بکرێن.
تۆڕۆس جەختی لەوە کردەوە کە لە پلاندانانی درێژخایەنی شارەکاندا پێویستە ئەندازیارانی کەشناسی لە بڕیاردانەکاندا بەشدار بن، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە جگە لە ئەندازیارانی جیۆلۆجی و نەخشەسازی، ئەندازیاریی کەشناسی بۆ ژینگە و ژیانی مرۆڤ زۆر گرنگە.
سەرچاوە: Rûdaw