
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (پەدەکە) بە بۆنەی ٨٩مین ساڵیادی شەهیدکردنی سەید ڕەزا و ٦ هاوڕێی پەیامێکی بڵاوکردەوە
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان بە بۆنەی ٨٩مین ساڵیادی لەسێدارەدانی سەید ڕەزا و حەوت هاوڕێی لە ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٣٧ لە خارپێت، پەیامێکی یادکردنەوەی بڵاوکردەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (پەدەکە) بە بۆنەی ٨٩مین ساڵیادی لەسێدارەدانی سەید ڕەزا، کە یەکێک بوو لە پێشەنگانی بەرخۆدانی دێرسیم، و شەش هاوڕێکەی پەیامێکی بڵاوکردەوە. لەو کەسانەی لە ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٣٧ لە مەیدانی گەنمی خارپێت لەسێدارە دران، سەید ڕەزا، کوڕەکەی ڕەشید حوسێن، حوسێنی دێمەنان، سەید حوسێنی کورێشان، حەسەن، عەلیی کەڵان و فندق ئاغای یوسوفان بوون.
لە پەیامەکەدا ئاماژە بەو زیانە گیانیانە کراوە کە لە کاتی ڕووداوەکانی دێرسیم بە سڤیلەکان گەیشتووە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ٨٩ ساڵ، شوێنی گۆڕی ئەو کەسانەی لەسێدارە دراون هێشتا بە نهێنی هێڵراوەتەوە. ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ ئەو ترسەی دەوڵەت لە یادەوەریی سەرکردە کوردەکان هەیەتی، وەسف کراوە.
هەروەها لە پەیامەکەدا باس لە سەرکردە مێژووییەکانی کورد وەک شێخ سەعید، خالید بەگی جبران، ئیحسان نوری پاشا، قازی محەمەد و مەلا مستەفا بارزانی کراوە و هاتووە: "هیچ وێرانکاری و مەرگێک نەیتوانیوە خەباتی ئازادیخوازیی گەلی کورد ڕابگرێت. لە ٨٩مین ساڵیادی شەهیدکردنیاندا، بە ڕێزەوە یادی سەید ڕەزا و سەرجەم ئەو کەسانە دەکەینەوە کە گیانیان لەدەست داوە."
سەرچاوە: Kurdistan24