
ئەمەریکا لە ٣٠ی ئەیلوولدا بەتەواوی لە عێراق دەکشێتەوە؛ دیپلۆماتکاران هۆشداری دەدەن
لەکاتێکدا کشانەوەی تەواوەتیی ئەمەریکا لە عێراق لە ٣٠ی ئەیلوولدا وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبینرێت، دوو دیپلۆماتی پێشوو ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێویستە واشنتن لەسەر پەیوەندییەکانی بەردەوام بێت.
هێزەکانی ئەمەریکا تا ٣٠ی ئەیلوول بەتەواوی لە عێراق دەکشێنەوە و کۆتایی به زیاتر لە بیست ساڵ ئامادەیی سەربازیی خۆیان دێنن. ئەم هەنگاوە لەگەڵ دیدگای کەمکردنەوەی ئامادەیی سەربازیی وڵاتەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگونجێت و وەک کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنی عێراق سەیر دەکرێت، کە لەلایەن ڕای گشتیی ئەمەریکاوە وەک "جەنگێکی بێکۆتایی" دەبینرا.
دوو دیپلۆماتی باڵای پێشوو هۆشدارییان داوەتە ئیدارەی واشنتن؛ ویکتۆڕیا جەی تایلۆر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی عێراق و سوریا لە ئەنجومەنی ئەتڵەنتیک و جێگری پێشووی وەزیری دەرەوە، لەگەڵ ئالینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە بەغدا، لە وتارێکی هاوبەشدا جەختیان لەوە کردەوە کە کشانەوە دەرفەتێکە بۆ دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا، بەڵام ناهێڵێت ئەمەریکا دەستبەرداری پەیوەندییەکانی لە عێراق ببێت. دیپلۆماتکارەکان بیریان هێنایەوە کە ئەوان بەشێک بوون لە تیمی دانوستانکار لەگەڵ حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی، بە مەبەستی ڕێگری کردن لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی کشانەوەی ساڵی ٢٠١١.
بڕیاری کشانەوەکە لەلایەن تاران و گرووپە لایەنگرەکانییەوە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێکرا؛ لە هەمان کاتدا بەڵێنی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکان جێی سەرنج بوو. دیپلۆماتکارەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە هێرشیان کردووەتە سەر هێڵێکی گواستنەوەی نەوتی سعودیە و بنکەکانی ئەمەریکایان کردووەتە ئامانج، و دەڵێن "ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات لە سنووری عێراقدا نامێنێتەوە". ئەوان ئاماژەیان بەوەش کرد کە گرژییە درێژخایەنەکان لەگەڵ ئێران، گەورەترین هۆکارن کە چۆڵکردنی تەواوەتیی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە قورس دەکەن.
سەرچاوە: Rûdaw