
ئێران پلان دادەڕێژێت لە حاڵەتی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کێبلەکانی ژێر دەریای کەنداو بپچڕێنێت
ئێران ڕایگەیاند کە وەک وەڵامێک بۆ هێرشێکی ئەگەریی ئەمریکا و ئیسرائیل، پێشبینیی بڕینی کێبلەکانی ئینتەرنێتی ژێر دەریای کەنداو و ڕێگریکردن لە چاککردنەوەیان دەکات.
لە ٢٣ی تشرینی اولی ٢٠٢٦دا، دوو بەرپرسی باڵای ئاسایشی ئێران بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە لە حاڵەتی هێرشی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پلان هەیە کێبلەکانی پەیوەندیی ژێر دەریای کەنداو بکرێنە ئامانج. یەکێک لە بەرپرسەکان ڕایگەیاندووە کە دوای هێرشەکە، ڕێگری لە کارەکانی چاککردنەوەی کێبلەکانیش دەکرێت، بەمەش ئینتەرنێت و هێڵەکانی دیکەی پەیوەندی لە ناوچەکەدا بۆ ماوەیەکی درێژ دەپچڕێن.
یەدوڵڵا جەوانی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ کاروباری سیاسی ڕایگەیاند، لە حاڵەتی لێدانی ژێرخانی وڵاتەکەیدا، دەکرێت حەوت کێبلی سەرەکیی ئینتەرنێت کە لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕدەبن، بکرێنە ئامانج. بەپێی زانیارییەکانی یەکێتیی نێودەوڵەتیی پەیوەندییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی %٩٩ی هاتووچۆی ئینتەرنێتی جیهان لە ڕێگەی کێبلەکانی ژێر دەریاوە دابین دەکرێت.
ئالان ماڵدین، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە دامەزراوەی TeleGeography جەختی لەوە کردەوە کە کاریگەریی جیهانیی هێرشێکی ئەگەریی ئێران سنووردار دەبێت، چونکە ئەو ئینتەرنێتەی لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕدەبێت کە ئێران و عومان لێک جیا دەکاتەوە، کەمتر لە %١ی توانای ئینتەرنێتی جیهان پێکدەهێنێت. ئەم پلانە وەک بەشێک لە ستراتیژی تاران دەبینرێت بۆ پێدانی وەڵامێکی توندتر لە شەڕەکانی پێشوو بەرامبەر هەر ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی نوێی ئەمریکا.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، موحسین ڕەزایی بەرپرسی ئاسایشی ئێران هەڕەشەی ئەوەی کرد کە لە حاڵەتی دەستپێکردنەوەی شەڕدا، دەکرێت ناوەندەکانی داتا و دامەزراوەکانی ژیریی دەستکردی بەستراوە بە ئەمریکا لە سەرانسەری کەنداو بکرێنە ئامانج، و بیرهێنایەوە کە وڵاتانی ناوچەکە وەبەرهێنانی گەورەیان لەو ژێرخانە دیجیتاڵییانەدا کردووە.
سەرچاوە: Rûdaw