
ئەمەریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بە بڕی ٥٢ ملیۆن دۆلار بۆ عێراق و تونس و دوو وڵاتی ناتۆ ڕادەگرێت
ئیدارەی ترەمپ هاوکارییە سەربازییەکانی بە بڕی ٥٢ ملیۆن دۆلار بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەگرێت و ئاڕاستەی هاوپەیمانەکانی لە ئەمریکای لاتین دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا بە فەرمی کۆنگرێسی ئاگادارکردەوە کە بودجەی دارایی سەربازیی دەرەکی (FMF) بۆ عێراق، تونس، سلۆڤاکیا و باکووری مەقدۆنیا ڕادەگیرێت. ئەم هاوکارییە کە کۆی گشتییەکەی ٥٢ ملیۆن دۆلارە، وەک بەشێک لە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئاسایشی ناوچەیی ئیدارەی ترەمپ سەیر دەکرێت.
جۆ ویڵسن، ئەندامی باڵای کۆنگرێس خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر بەم بڕیارە دەربڕی و دەستخۆشی لە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ ڕوبیۆی وەزیری دەرەوە کرد. ویڵسن جەختی لەوە کردەوە کە ئاڕاستەکردنەوەی هاوکارییە ئاسایشییەکان بۆ هاوبەشەکان لە کیشوەری ئەمریکا لەبری عێراق و تونس، هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە ژێر دەسەڵاتی ئێران.
وەزارەتی دەرەوە ڕوونیکردەوە کە ئەو ٥٢ ملیۆن دۆلارەی بڕدراوە، تەرخان دەکرێت بۆ عێراق، تونس، سلۆڤاکیا، باکووری مەقدۆنیا و پەنەما بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی کەناڵی پەنەما. ئەم وڵاتانە دەخرێنە ناو هاوپەیمانییەکی نوێی ئاسایش بە ناوی "قەڵغانی کیشوەری ئەمریکا" کە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبەش دژ بە تۆڕەکانی تاوانی ڕێکخراو دامەزراوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە لە دەیەی ڕابردوودا بەنزیکەیی سەدا ٨٠ی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ کڕینی چەک بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڕاستە کرابوون، و ستراتیژی ئیدارە نوێیەکە ئەم سیاسەتە دەگۆڕێت بە خستنەنەوی کیشوەری ئەمریکا لە ناوەندی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی.
سەرچاوە: Kurdistan24