
بۆرییەکی نەوت لە جرف سەخەر کون کرا، سەدان ملیۆن دۆلار زیانی لێکەوتەوە
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی ناردنی سوپای بۆ ناوچەکە دەرکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تۆڕێکی گەورەی قاچاخچێتی نەوت کە لەوێ ئاشکرا بووە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە کە بۆرییەکی نەوت لە جرف سەخەر کون کراوە و بەهۆیەوە زیانێکی سەدان ملیۆن دۆلاری لێکەوتووەتەوە. دوو سەرچاوەی ئەمنی ڕایانگەیاندووە کە قاچاخچییەکان بۆرییەکی سەرەکی نەوتی خاویان بە تیرەی ٢٦ ئینج کون کردووە کە ڕۆژانە لانیکەم ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕ دەبێت.
بەرپرسانی باڵای ئەمنی و نەوتی عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە کە کەتائیبی حیزبوڵڵا بە هاوکاری هەندێک لە بەرپرسانی کەرتی نەوت، تۆڕێکی بەرفراوانی قاچاخچێتییان بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەڕێوە بردووە. قاچاخچییەکان ئەو نەوتە خاوەیان لە چاڵەکاندا کۆکردووەتەوە و لە ڕێگەی سیستەمی پەمپکردن لە هۆڵە داخراوەکاندا بۆ تانکەرەکانیان گواستووەتەوە، هەروەها پاڵاوگەیەکی بچووکی نهێنییان لە ناوچەکەدا دروست کردبوو.
دوای لێکۆڵینەوەکان، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران بڕیاری لەکارلادانی نۆ بەرپرسی باڵای ئەمنی و نەوتی لە پارێزگای بابل دا، لەوانە بەڕێوەبەری پۆلیسی بابل، فەرماندەکانی هەواڵگری و بەڕێوەبەری کۆمپانیای بۆرییەکانی نەوت و گومانلێکراوانی ڕەوانەی دادگا کرد. هاوکات فەرمانی ناردنی سوپا بۆ جرف سەخەر دەرکرا؛ بەپێی زانیارییەکان ئەو گرووپە موشەکی دژە تانکی دروستکراوی ئێران، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و موشەکی بالیستی مەودا کورت لەبەردەستدان.
جاسم بەهادلی، شرۆڤەکاری ئەمنی عێراقی ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە یەکلاییکردنەوەیەکی ڕاستەوخۆی سیاسییە لەگەڵ گرووپێک کە نفوزێکی قووڵی ئابووری و ئەمنیی هەیە و ئامانج لێی وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئەو گرووپەیە. ئەمریکا لە مانگی ئایاردا سزای بەسەر جێگری وەزیری نەوتی عێراق و ئەو تۆڕە قاچاخچێتییانەدا سەپاند کە لە تاران نزیکن.
سەرچاوە: Kurdistan24