
سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە ڕیاز کەوتە کار و دەنگی سێ تەقینەوە بیسترا
دوای ڕێگریکردن لە مووشەکێکی بالیستی بەهۆی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەوە، سێ دەنگی تەقینەوە لە پایتەخت بیسترا.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سعودیە لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (کە بنکەکەی لە ئەمریکایە)، ڕایگەیاند کە سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە شاری ڕیاز بە گشتی کەوتووەتە کار. کەمێک دوای کاراکردنی سیستمەکە، سێ دەنگی تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە شارەکەدا بیسترا.
گوتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی، لیوا تورکی مالیکی، ڕایگەیاند کە مووشەکێکی بالیستی کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە ئاراستەی ڕیاز کرابوو، ڕێگری لێکراوە و تێکشکێنراوە.
شایەتحاڵان ڕایانگەیاندووە کە دوای ئاگادارکردنەوەکە، سێ جار دەنگی تەقینەوەیان لە شارەکەدا بیستووە. بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە ڕاگەیەندراوێکی دووەمدا ئاماژەی بەوە کرد کە مەترسییەکە تێپەڕیوە و هیچ زانیارییەکی دیکەی لەسەر وردەکارییەکانی ڕووداوەکە نەخستە ڕوو.
حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، ماوەیەکە بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، شاری ڕیاز و ناوچەکانی دیکەی سعودیە دەکەنە ئامانج.
سەرچاوە: Rûdaw