
بەهۆی هێرشی مووشەکی بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی ڕیاز و ئەبها ٣ کەس گیانیان لەدەستدا
عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند کە بەهۆی دوو هێرشی مووشەکی بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی ڕیاز و ئەبها، ٣ هاووڵاتی کوژراون و ٣٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند، لە دوو هێرشی مووشەکیی جیاوازدا کە دوێنێ کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە پایتەخت ڕیاز و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها لە باشووری ڕۆژئاوا، ٣ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ٣٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە هێرشەکاندا زیان بە هەردوو دامەزراوەکە گەیشتووە و بریندارەکان بۆ چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان ڕایگەیاند کە بە ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید، هەروەها فڕۆکەخانەی ئەبها و بنکەی ئاسمانیی شا خالید لە ناوچەی عەسیر بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە ئامانج.
سەریع هەروەها ڕایگەیاند کە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەدەن و کەمپی بەدر لە نزیک ئەو فڕۆکەخانەیە لە یەمەن ئەنجام داوە.
سەرچاوە: Kurdistan24