
لە ڕۆژهەڵات ٢٦ەمین فێستیڤاڵی نەریتیی کاغەزەفڕکە بە بەشداریی هەزار کەس بەڕێوەچوو
فێستیڤاڵەکە لە بناری گردی کێوەڕەش لە بۆکان بەڕێوەچوو، بە سەدان کاغەزەفڕکەی ڕەنگاوڕەنگ و نزیکەی هەزار بەشداربوو ئاسمانی شارەکەی ڕازاندەوە.
لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بناری گردی کێوەڕەش، ئەمساڵ ٢٦ەمین فێستیڤاڵی نەریتیی کاغەزەفڕکە بەڕێوەچوو. چالاکییەکە بە سەدان کاغەزەفڕکەی ڕەنگاوڕەنگ ئاسمانی ڕازاندەوە و بووە دیمەنێکی جوان.
سەرباری خەڵکی بۆکان، نزیکەی هەزار کەس لە سروشتدۆستان و خێزانەکانی شارەکانی دەوروبەری وەک سەقز و مەهاباد ئامادەی فێستیڤاڵەکە بوون.
ئارش ناسری، ڕێکخەری فێستیڤاڵەکە و محەمەد مەقسوودی، بەرپرسی وەرزشە گشتییەکانی بۆکان، جەختیان لە گرنگیی ئەم جۆرە چالاکییانە کردەوە بۆ بڵاوکردنەوەی وەرزشی جەماوەری و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. منداڵانیش زیاترین خۆشییان لە فڕاندنی کاغەزەفڕکە ڕەنگاوڕەنگەکانیان لەناو باکەدا بینی.
کالین باپیری و شاهین سنۆبەری، دوو لە بەشداربووان ڕایانگەیاند کە ئەم چالاکییە یادگارییەکی لەبیرنەکراو و سەرچاوەی ورەیە بۆ خێزانەکان. فێستیڤاڵەکە کە بووەتە نەریتێک، لە بۆکان لە پێشبڕکێیەکی وەرزشی زیاترە و بووەتە کۆبوونەوەیەکی بەواتا کە خۆشیی هاوبەش، هاوکاری و وزەی کلتووریی کۆمەڵگە نیشان دەدات.
سەرچاوە: Kurdistan24