
چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی شقایق ئەحمەدی لە لیستی کوردستان کاندیدە بۆ ئەنجومەنی کۆچبەرانی میونشن
چالاکوانی مافەکانی ژنان و مرۆڤ شقایق ئەحمەدی، لە میونشن لەسەر لیستی کوردستان وەک دووەم کاندید بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی کۆچبەران دەکات.
چالاکوانی مافەکانی ژنان و مرۆڤ شقایق ئەحمەدی کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و خوێندکاری ماستەرە لە بەشی فیزیا لە زانکۆی میونشن، لە شاری میونشنی ئەڵمانیا لەسەر "لیستی کوردستان" وەک دووەم کاندید بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی کۆچبەراندا دەکات.
ئەحمەدی لە میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا لە ڕووداو تیڤی، دەربارەی کەمپینی هەڵبژاردن و ئامانجەکانی ئاخڤی. ئاماژەی بەوە دا کە نزیکەی ٢٥ هەزار کورد لە میونشن دەژین و جەختی کردەوە کە زۆر گرنگە کورد لەو شارەدا نوێنەری خۆیان هەبێت.
ئەحمەدی باسی لە مێژووی لیستی کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد و گوتی، ئەم لیستە یەکەم جاری نییە بەشداری دەکات، بەڵکو لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی کۆچبەرانی میونشن دەکات و چەترێکی هاوبەشی دامەزراوە و ڕێکخراوە کوردییەکانی ئەو شارەیە.
ئامانجی سەرەکی لەم هەڵبژاردنانەدا، نوێنەرایەتیکردنی بەهێزی ماف و داواکارییەکانی کورد، بەتایبەتی ژنانی کوردە لە ئەنجومەنی شارەوانی میونشن. کاندیدەکانی "لیستی کوردستان" داوا لە دەنگدەرانی کورد دەکەن دەنگ بە لیستی ژمارە ٢٢ بدەن و ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشداریکردنی کورد لە بڕیارەکانی ئەو شارەدا گرنگییەکی حەیاتی هەیە.
سەرچاوە: Rûdaw