
لە دووەم ساڵیادی گیانلەدەستدانی ڕۆژین کابایشدا باوکی داوای لێکۆڵینەوە دەکات
باوکی ڕۆژین کابایشی قوتابی زانکۆی تەمەن ۲۱ ساڵ، کە لە وان ون ببوو و پاشان جەستەی لە باری دەریاچەکەدا دۆزرایەوە، ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بەوەی دۆسیەکە بۆ ماوەی دوو ساڵە بە ناڕوونی ماوەتەوە و داوای خێراکردنی لێکۆڵینەوەکانی کرد.
مردنی ڕۆژین کابایشی تەمەن ۲۱ ساڵ، قوتابی زانکۆی یوزونجو یڵی وان کە لە ۲۷ی ئەیلوولی ۲۰۲٤ لە وان ون بوو و دوای ۱۸ ڕۆژ جەستەی لە باری دەریاچەکەدا دۆزرایەوە، هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەشدا دەمێنێتەوە.
نیزامەدین کابایش، باوکی ڕۆژین لە دووەم ساڵیادی گیانلەدەستدانی کچەکەیدا گوتی: "بۆچی ئەم دۆسیەیە بۆ ماوەی دوو ساڵە لە تاریکیدا ماوەتەوە؟ بکوژان هەرکەسێک بن با ئاشکرا بكرێن." و داوای لە دەوڵەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە ڕووداوەکە ڕوون بکەنەوە. کابایش ئاماژەی بەوە دا کە دوو نموونەی DNA هەن، بەڵگەکان بەردەستن و تاقیکردنەوەی دیاتۆم نەکراوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دەیانەوێت ڕووداوەکە پەردەپۆش بکەن.
شاهین جانگولەچ، پارێزەری خێزانەکە ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا هەنگاوی نوێ وەک شیکاری وێستگەکانی پەیوەندی، شیکاری DNA، پشکنینی تەلەفۆن و تاقیکردنەوەی دیاتۆم بەم زووانە کۆتاییان پێدێت. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە پشکنین بۆ ئۆتۆمبێل و خاوەن ماڵەکە کراوە، نموونەی DNA لە کەسەکان وەرگیراوە و چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەن.
سەرچاوە: Rûdaw