
کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک داوای سەروەریی یاسا لە سووریا دەکات
کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سەروەریی یاسا لە سووریای نوێدا هەموو سوورییەکان و کەمینە نەتەوەییەکان بگرێتەوە و ڕایگەیاند کە لە هەفتەکانی داهاتوودا سەردانی سووریا دەکات.
کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک ڕایگەیاند، پێویستە سەروەریی یاسا لە سووریای نوێدا هەموو تاکێکی سووری و سەرجەم کەمینە نەتەوەییەکان بگرێتەوە.
تورک وتی، بە مەبەستی لە نزیکەوە چاودێریکردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و پرۆسەی گواستنەوە، لە هەفتەکانی داهاتوودا سەردانی سووریا دەکات و ئاماژەی بەوەشکرد کە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مەیدانەکە و ڕاستەوخۆ لە ناو خاکی سووریادا چالاکییەکانی ئەنجام دەدات، کە ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا ئەو دەرفەتەیان بۆ دەڕەخسێت.
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری ڕووداو لە نیویۆرک، سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر کۆچبەرانی کورد دوای تێکچوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دۆخی مافەکانی مرۆڤی کورد پرسیاری کرد. تورک وتی، ئەوان هەموو هەوڵێکیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی بەرپرسان دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە جێگیر بکەن و پشتیوانی لە چاکسازییەکانی دادوەری و یاسایی بکەن، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ەوە شایەتی گۆڕانکاری گەورە بوون، بەڵام وتی کە نایەوێت بڵێت کێشەکان بە تەواوی چارەسەر بوون. هەروەها باسی لەوە کرد کە چاودێری ڕووداوەکانی سوێدا و کەناراوەکانی لازقیەش دەکەن.
تورک جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەو سیستەمەی دادپەروەری و یاسایەی دادەمەزرێت، سەرجەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و کەمینە نەتەوەییەکان بە تەواوی بپارێزێت و دووپاتی کردەوە کە لەو چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ جێگیرکردنی بنەمای سەروەریی یاسا.
سەرچاوە: Rûdaw